نێچیرڤان بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول گێڕانه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانيى گه‌لى كوردستان بوو

11-09-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان شۆڕشی ئەیلوول
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشی ئەیلوولەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، شۆڕشی ئەیلوول "گێڕانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان بوو." ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو شۆڕشە بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە "هیچ هێز و توانایەکی سەربازی ناتوانێت ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ژیان و ئازادی بشکێنێت."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، شۆڕشی ئەیلوول "ده‌وڵه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا بنێت و ببێته‌ بناخه‌يه‌ك بۆ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى دواترى."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، " نموونەیەکی جوانتری شۆڕش [شۆڕشی ئەیلوول] ئەوە بوو كه‌ لە سەرکەوتندا له‌خۆبايى نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی کرده‌ دەرفەتێكى زیاترى لێبووردەیی و خەباتی هاوبەش و یەکخستنەوەی زیاتری ناوماڵی کوردستانيان."
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، نهێنی و سەرکەوتنی شۆڕشی ئەیلوول، تەبایی و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بوو، "بۆیە لەم یادەدا جەخت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى پێكه‌وه‌يى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ و هێزه‌ سياسييه‌كانى كوردستاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌. ئه‌وه‌ تاقه‌ رێگه‌ى پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و چه‌سپاندنى سيستمى فيدراڵى و داهاتوويه‌كى باشتره‌."
 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یادی شۆڕشی ئەیلوول:
 
ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى شه‌ست و يه‌ك ساڵه‌ى هه‌ڵگيرسانى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول و ڕێبه‌رى شۆڕش بارزانيى نه‌مر و هاوه‌ڵانى و هه‌موو ئه‌و قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو ئازاديى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ياندا گيانيان به‌خشى. سڵاو بۆ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌ر‌زى شه‌هيدان و هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتگێڕانه‌ ده‌نێرين كه‌ له‌ ڕۆژانى سه‌خت و دژوارى شۆڕشدا دڵسۆزانه‌ و خۆنه‌ويستانه‌ ڕه‌نجيان كێشا و خزمه‌تيان كرد.
 
شۆڕشى ئه‌يلوول، گێڕانه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانيى گه‌لى كوردستان بوو. شۆڕشى هه‌موو چين و توێژ و پێكهاته‌كان بوو كه‌ له‌ژێر ڕابه‌رايه‌تى و سه‌ركردايه‌تييه‌كى يه‌كگرتوودا هه‌مووانى كۆكرده‌وه‌. له‌ يه‌كێك له‌ سه‌ختترين قۆناغه‌كانى مێژووى گه‌لى كوردستان و ناوچه‌كه‌دا، به‌ ئيراده‌ و بڕوايه‌كى پۆڵايينه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى دوژمن بووه‌وه‌. ده‌وڵه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا بنێت و ببێته‌ بنا‌غه‌يه‌ك بۆ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى دواترى. نموونەیەکی جوانتری شۆرش ئەوەبوو كه‌ لە سەرکەوتندا له‌خۆبايى نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی کرده‌ دەرفەتێكى زیاترى لێبوردەیی و خەباتی هاوبەش و یەکخستنەوەی زیاتری ناوماڵی کوردستانيیان.
 
شۆڕشى ئه‌يلوول بۆ دۆست و نه‌ياران و بۆ هه‌موو جيهانى سه‌لماند كه‌ هيچ هێز و توانايه‌كى سه‌ربازى ناتوانێت ئيراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ ژيان و ئازادى بشكێنێت. نهێنى و هێزى سه‌ركه‌وتنى شۆڕش، ته‌بايى و يه‌كڕيزيى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان بوو، بۆيه‌ له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى پێكه‌وه‌يى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ و هێزه‌ سياسييه‌كانى كوردستاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌. ئه‌وه‌ تاقه‌ ڕێگه‌ى پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و چه‌سپاندنى سيستمى فيدراڵى و داهاتوويه‌كى باشتره‌.
 
شكۆدار بێت يادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول و دروود و سڵاو بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان.
 
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2022/9/11
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی سەڵاحەدین

زانکۆی سەڵاحەدین: سەرجەم یەکەمەکان بۆ خوێندنی باڵا دەنێردرێنە ئیتاڵیا

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، یەکەمەکانی زانکۆکەیان لە ساڵی خوێندنی پێشوو دەتوانن داوای بۆ خوێندنی ماستەر لە ئیتاڵیا پێشکەش بکەن. بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت: "تێچووی خوێندنەکە لەسەر زانکۆکەمان دەبێت".