رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان بە 20 ملیۆن دینار و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نزیکەی 10 ملیۆن دینار هاوکاری بەربژێرانیان دەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. بەربژێرانی هەردوو پارتەکە دەڵێن،" بەشی یەکەمی پارەکەیان وەرگرتووە".
بەناز عوسمان، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حیزب لە رێگەی پارە و چاپکردنی 255 فلێکسی قەبارە جیاوازەوە هاوکاریی کردوون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەربژێرەکەی پارتی روونیکردەوە، تائێستا بڕی 10 ملیۆن دیناریان پێدراوە و بڕیاریشە لە داهاتوودا 10 ملیۆن دیناری دیکەیشان پێبدرێت تاوەکو بانگەشەی هەڵبژاردنی پێ بەڕێوە ببەن.
هەرچی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، کۆی بڕی ئەو پارەیەی نەگوتووە کە بە بەربژێرانی دەدات. بەربژێرێکی یەکێتی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حیزب بە پارە و چاپکردنی فلێکس هاوکاریی بەربژێران دەکات.
بە گوتەی بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاوەکو ئێستا وەک بەشی یەکەم بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان بۆ بانگەشە وەرگرتووە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە هەموو 10 رۆژ جارێک بە هەمان بڕ پارەیان بۆ خەرج بکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دوو پارتی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان خاوەنی زۆرترین میدیای فەرمی و نافەرمین، بانگەشەکردن بۆ بەربژێران لە میدیاکانەوە بەشێکی دیکەی ئەو هاوکارییانەن کە دوو پارتەکە بە بەربژێرانیانی دەدەن.
بانگەشەی هەژارانەی ئۆپۆزیسیۆن؛ تەنیا نزیکەی ملیۆنێک دینار بۆ بەربژێران خەرج دەکرێت
پێشتر، تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ هاوکاریی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ بەربژێرانیان کردبوو، بەپێی بەدواداچوونەکە ئەو پارتانە تەنیا نزیکەی ملیۆنێک دینار بۆ بانگەشەی بەربژێرانیان خەرج دەکەن.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵەی دادگەری کوردستان تاکو بڕی ملیۆنێک دینار هاوکاری دارایی بە بەربژێرانیان دەدەن، جووڵانەوەی نەوەی نوێ و رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی چەند فلێکسێکیان بۆ چاپ دەکەن. وەک بەرپرسانی لیستی بەرەی گەلیش بە رووداویان گوتووە، "پارەمان نییە و هیچ بۆ بەربژێران ناکەین".
تێچووی رێگەپێدراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
پێوەرى بڕى خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە بۆ پارت و هاوپەیمانێتییەکان بەو شێوەیەیە کە 250 دینار لێکدانی ژمارەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک دەکرێت و دواتر کەڕەتی ژمارەی بەربژێری لیستەکە دەکرێت.
بە گوێرەی ئەو پێوەرە، زۆرترین بڕی خەرجیی رێگەپێدراو بۆ بانگەشە لە هەولێر 8 ملیار و 159 ملیۆن و 100 هەزار دینارە؛ سلێمانی 10 ملیار و 814 ملیۆن و 922 هەزار دینارە، بۆ دهۆکیش بڕەکەی 4 ملیار و 283 ملیۆن و 653 هەزار دینارە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
3ـی تشرینی یهکهمى 2025 بانگهشهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق دهستیپێکرد و تاوهکو 8ـی تشرینی دووهم بهردهوام دهبێت.
ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق له 11ـی تشرینی دووهمی ئهم ساڵ دهکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهکان ناوی 7768 بهربژێری پهسند کردووه بۆ ئهوهی لهو ههڵبژاردنهدا رکابهری بکهن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ