رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، کار دەکەن بۆ ئەوەی بە یەک شێوە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق وەربگیرێت، ''رەزامەندیی بەغدا بۆ بەتاڵکردن و گواستنەوەی 85 هەزار تۆن گەنمی سایلۆی مەخموور بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق وەرگیراوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 13-05-2024، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردی نەینەوا، قایمقام و بەرپرسانی مەخموور لە سایلۆی قەزاکە بەڕێوەچوو کە تێیدا چۆنیێتیی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچەکە تاوتوێکرا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''ئێستا زیاتر لە 130 هەزار تۆن گەنمی ساڵی رابردوو لە سایلۆی مەخمووردا ماوەتەوە، رەزامەندیی بەغدامان وەرگرتووە لەو ماوەیەدا 85 هەزار تۆن گەنمی سایلۆکە بگوازرێتەوە نێوەڕاست و باشووری عێراق.''
شێروان دووبەردانی گوتی، لە دوێنێوە دەست بە گواستنەوەی گەنم کراوە و لەم هەفتەیەدا نزیکەی 85 هەزار تۆنەکە تەواو دەبێت، ''دواتر بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی کۆی 130 هەزار تۆنەکە بگوازرێتەوە و سایلۆی مەخموور بەتاڵ بکرێت، بۆ ئەوەی جووتیاران بتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.''
سایلۆی مەخموور، توانای وەرگرتنی 215 هەزار تۆن گەنمی هەیە. بەپێی خشتەی بەرێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای نەینەوا، دەبێ ئەم ساڵ سایلۆکە نزیکەی 393 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، ''لەگەڵ قایمقامی قەزاکە ژوورێکی هاوبەشمان پێکهێناوە و بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و بەرپرسانی مووسڵ لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی گرفتی ساڵانی رابردووی جووتیاران دووبارە نەبنەوە.''
بڕیارە 02-06-2024 دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی مەخموور بکرێت، شێروان دووبەردانی دەڵێت، ''دەبێ جووتیاران بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە پڕۆسەکە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن سەرجەم ئەو 393 هەزار تۆن گەنمە رادەستی سایلۆکە بکەن.''
ساڵانە جیا لە گرفتی وەرنەگرتنی کۆی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بڕێکی زۆر گەنم لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دeهێنرێتە سایلۆکان. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ''بەداخەوە ئەم کێشەیە لە هەموو ناوچەکان دەبینرێت، هەندێک لە جووتیاران پسووڵەی رادەستکردنی گەنمەکەیان بە بازرگانان دەفرۆشنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کاروباری جووتیاران و پشکی وەرگرتنی گەنمەکانیان دەبێت.''
شێروان دووبەردانی ئەوەشی خستەڕوو، ''هێشتا گەنم دروێنە نەکراوە کەچی ئەمڕۆ لە دەرەوەی مەخمووریش چەندین بارهەڵگر دەبینرێن کە وەستاون. بە هاوئاهەنگیی بەرپرسانی قەزای مەخموور بەردەوام دەبین لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.''
بۆ کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری داناوە، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران بکڕێتەوە. ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەک شێوە بێت و هەر دوو حکومەت پلانێکی هاوشێوەیان هەبێت.''
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لەسەر ئاستی ساڵانی رابردوو و لە مێژووی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ