رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو د. سەباح بەرزنجی، پەرلەمانتاری پێشووتری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە سلێمانی دەستگیرکرا. بەرپرسێکی کۆمەڵ دەڵێت، "ئەوەی ئێمە ئاگاداربین هیچ کێشەیەکی نییە تاوەکو دەستگیر بکرێت".
ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی رووداو لە زاری بەرپرسانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کە د. سەباح شەوی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "كاك دكتۆر سەباح شێخ محەممەد بەرزنجی لە سلێمانی دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا تۆمەتی دەستگیرکردنەکەی بۆ ئێمە نەخراوەتەڕوو".
سەباح بەرزنجی جیا لەوەی پەرلەمانتاری خولی سێیەم بووە لە پەرلەمانی کوردستان، مامۆستای زانکۆیە و یەکێکە لە کەسایەتییە دیارە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێستاش کادیری کۆمەڵی دادگەری کوردستانە.
شوان رابەر دەڵێت: "ئەوەی ئێمە ئاگاداربین د. سەباح هیچ کێشەیەکی نییە تاوەکو دەستگیر بکرێت. بەپێی ئەو گفتەشی بە کۆمەڵ دراوە، چاوەڕێین ئەمڕۆ ئازاد بکرێت".
رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە ئاگادار نین و لەلایەن ئێمەوە دەستگیر نەکراوە".
هەر ئەمڕۆ رووداو زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی ئارام قادر، سەرکردەی پێشووتر لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڵاوکردەوە و دەنگۆیەک هەیە، کە دۆسیەی سەباح بەرزنجی پەیوەندی بە هەمان دۆسیەوە هەبێت، بەڵام زیاتر لە دوو سەرچاوەی کۆمەڵی دادگەری هەبوونی پەیوەندییەکەیان رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ