سەلاحەدین بەهائەدین: دوای زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموون عەیبە لە هەڵبژاردن بترسی

13-08-2023
پەیمان محەممەد
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی.
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، پرسی هەڵبژاردن لەوە زیاتر لە هەرێمی کوردستان دوا بکەوێت دۆخەکە خراپتر دەبێت. گوتیشی، ''هەڵبژاردن کۆتایی دونیا نییە و تەنیا ئاڵوگۆڕێکی بچووکە، بەڵام ترسان لێی و بیانووگرتن بۆ دواخستنی عەیبە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-08-2023، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پرسەی رووناک عەبدولواحید، هاوژینی د. فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی داوە و رایگەیاند، ''دوای زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی هەرێمی کوردستان، ترسان لە هەڵبژاردن عەیبە."
 
سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر دوا بکەوێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت، ''دەبێ تەبایی نێو ماڵی خۆمان رێکبخەینەوە، بۆشاییەکان پڕ بکرێنەوە و بیانووش بە یەکدی نەگیرێت.''
 
بۆ جاری سێیەم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
پێشتر، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمان، ئەوەش دوای رێکنەکەوتنی حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کە بڕیاربوو یەکەم جار لە 01-10-2022 هەڵبژاردنەکە بکرێت، بەڵام نەسازان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وادەکەی دواخست.
 
بۆیە پەرلەمانی کوردستان ناچار بوو بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 2023 درێژکردەوە و هەڵبژاردن دواکەوت.
 
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەشی خستەڕوو، ''هەڵبژاردن کۆتایی دونیا نییە و تەنیا ئاڵوگۆڕێکی بچووکە، بەڵام دوای زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردن، ترسان لێی یان بیانووگرتن بۆ دواخستنی عەیبە.''
 
دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، تێکڕای لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون لە دەبێ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموار بکرێتەوە، بەڵام دوای کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە،'' بۆیە دووبارە هەوڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن خاوبوونەوە.
  
سەلاحەدین بەهائەدین ئامەژەی بەوەش کرد، بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ''پێویستە لێکتێگەیشتنێکی زیاتر لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا هەبێت و نێوماڵی خۆیان گەرمتر بکەن.''
 
بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان "کێشەی یاسایی هەیە"
 
بڕیارە 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانێتییەکیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەناوی ''مەشخەڵی کەرکووک'' پێکهێناوە کە بڕیار بوو بزووتنەوەی ئیسلامیش تێیدا بەشدار بێت، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنی بزووتنەوە گوتی، ''گرفتێکی یاساییان هەیە کە بەهۆیەوە هەر ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکەن.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە، نەوزاد خدر، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە بەشدارینەکردنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئێمە پێمانباشبوو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن، بەڵام نەکرا. لیستی ئیسلامیش سەرنەکەوت، بۆیە ئێمە پێمانباشبوو وەکو بزووتنەوە نە لیستی خۆمان هەبێت، نە بەربژێری سەربەخۆش، چونکە یەکەم دەنگمان لەو ناوچانە کەمە، دووەم ویستمان کورد یەکڕیز بێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.