رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دادگەی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید یاساییە و پەیوەندیی بە سکاڵایەکی ساڵی 2021ـەوە هەیە لەسەر "هەڕەشەکردن،" رەتیشی کردەوە بابەتەکە سیاسی بێت. گوتەبێژەکەی دادگە جەختی کردەوە، چەند جارێک بانگهێشتیان کردووە بۆ دادگە، بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و تاوەکو دۆسیەکانی دیکەشی یەکلایی نەبنەوە، ئازاد ناکرێت.
سەلاح حەسەن، گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداوی لە سلێمانی راگەیاند، دۆسیەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات "تۆمەتبار"ەکە لە ساڵی 2021ەوە لەلایەن ئەندام پەرلەمانێکی خولی پێشوو لەسەر بابەتی هەڕەشەکردن سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
لەبارەی گوتەی فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، کە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی ئەمڕۆیاندا باسیان لەوە کرد، بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سیاسییە و لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن کراوە. دادوەر سەلاح حەسەن گوتی، "رێکاری دادگە کات و ساتی بۆ نییە، تۆمەتبارێک لەکاتی بڕیاری دەستگیرکردنی یان زیندانیکردنی، سەیری ئەوە ناکرێت ئێستا کاتی بانگەشەیە یان کاتی نییە. ئەم تۆمەتبارە لە ساڵی 2021ـەوە بانگهێشتی دادگە دەکرێت و ئامادە نابێت، بۆیە بڕیاری دەستگیرکردنی دەرکرا. ئەو دەنگۆیانە راست نین و رەتیان دەکەینەوە."
ئەو دادوەرە ئاماژەی بەوەش کرد، "تۆمەتبار لە بنکەی گرتن و گواستنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانییە. هێزی پۆلیس چووە بۆ دەستگیرکردنی و دەمامکدار نەبوون. هەموو ئۆتۆمبێلەکانیشیان فەرمی و حکومی بوون."
گوتەبێژی دادگەی سلێمانی راشیگەیاند، "هەر تۆمەتبارێک لە زیاتر لە دادگەیەک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت، ئازاد ناکرێت تاوەکو هەموو دۆسیەکانی دیکەی یەکلایی دەکرێنەوە، بۆیە ئەم دۆسیەیەی تۆمەتباری لەسەر دەستگیرکراوە، سەرەتایە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی دیکەش."
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە بەسیاسیکردنی دۆسیەکە دەکەن، گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی گوتی، "بە هەموو شێوەیەک ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە باس لە دەستوەردانی سیاسی دەکەن و ئەم بڕیارە بەتەواوی یاساییە، هیچ دەستوەردانێکی حیزبی و سیاسی نەکراوە."
رۆژی سێشەممە کاژێر 10:00ی شەو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هێزێکی دەمامکداری چەکداری سەر بە یەکێتی هەڵیکوتایە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید. بڕیاربوو ئەمڕۆ سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بهێنرێتە دادگە، بەڵام ئەمڕۆش نەهێنرایە دادگە."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ، دۆسیەکەی شاسوار عەبدولواحید "سیاسییە و دوورە لە یاسایی"؛ گوتیشی، "ئەم دۆسیەیە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی سەرۆکی جووڵانەوەکەمانە کە ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر تاوەکو هەفتەی داهاتوو ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا واژۆیان کردووە بۆ رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، ئەوا نەوەی نوێ هەڵوێستی دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ