رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بازرگانیی بەرێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سنە دەڵێت، لە پێنج مانگدا 222 هەزار تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و سەیرانبەنەوە هەناردە کراون، کە بەهاکەیان دەگاتە 78 ملیۆن دۆلار.
پویا شەهسەواری، بەڕێوەبەری بازرگانیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـوە تاوەکو 21-08-2024، نزیکەی 222 هەزار تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هەناردە کراون.
پویا شەهسەواری گوتی، بەهای بەروبوومە کشتوکاڵییە هەناردەکراوەکان دەگاتە 78 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو 9٪ زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری بازرگانیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سنە ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا بەگشتی رۆژانە نزیکەی هەزار و 430 تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی لە پارێزگاکەوە هەناردە دەکرێ کە 75٪ـی لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە دەڕوات و 25٪ـیش لە رێگەی دەروازەی سنووریی سەیرانبەن.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە 8ـی ئەیلوول بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سنە بڵاوی کردووەتەوە، ئەم ساڵ پارێزگاکە بەگشتی چوار ملیۆن و 500 هەزار تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی دەبێت.
پارێزگای سنە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن، لەنێوان هەردوولادا کراوەن .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ