رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بە تۆمەتی بریندارکردنی کەسێک دوو تۆمەتباریان لە سنووری قەزای سەیدسادق دەستگیرکردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکان نزیکەی 10 مانگ لەمەوبەر لەنێو نەخۆشخانەیەکدا کەسێکیان بە چەک بریندار کردبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-11-2023، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی برینداركردنی هاووڵاتییەك، مەفرەزەکانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادق دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد و دەستیشیانگرت بەسەر چەكێكی كڵاشینكۆفدا.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ئەوەی پۆلیسی سەیدسادق ئاگاداركرانەوە لە بوونی شەڕ و برینداركردنی هاووڵاتییەك لە نەخۆشخانەیەكی سنوورەكە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، دەركەوت كەسێك بریندار بووە و تۆمەتباران هەڵاتوون."
لەوبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 10 مانگ لەمەوبەر ئەو دوو تۆمەتبارە لە نەخۆشخانەیەکی سەیدسادق شەڕیان لەگەڵ چەند کەسێکدا کردبوو، نەوەکو پزیشک و کارمەندان. دوای ئەو ماوەیە و لێکۆڵینەوە لە دۆسێکە بە بڕیاری دادوەر، هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکران."
پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی دوو تۆمەتبارەکەی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە؛ (هـ ، ع لەدایكبووی 2001 و، أ، ك لەدایكبووی 2003)؛ راشیگەیاندووە، هەردوو تۆمەتبارەکە راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ