ئەو گەنجەی گوتی "پەرلەمان دەهەژێنین" ئۆتۆمبێلێکی پێشکێشکرا

13-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
عەبدولباری ئیدریس
عەبدولباری ئیدریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای روانگە ئۆتۆمبێلێک دەداتە گەنجێک، کە لە کاتی بانگەشەدا گوتی پەرلەمانی عێراق دەهەژێنن و هەروەها ماڵەکەشی بۆ نۆژەن دەکەنەوە.

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە رایگەیاند: "ئەو گەنجە لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە پەیامی بۆ کاک نێچیرڤان ناردبوو، ئێمەش بۆ پەرەدان بە باری ئابووری و کارەکەی ئۆتۆمبێلێکمان پێشکێشکرد". 
 
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا گەنجێک بە ناوی عەبدولباری ئیدریس، کە دانیشتووی گوندێکی دینارتەیە، زۆر بە گەرموگوڕییەوە بانگەشەی بۆ زیادبوونی دەنگی کورد لە بەغدا دەکرد و دەیگوت کە پەرلەمانی عێراق "دەهەژێنن". دواتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا بە نێچیرڤان بارزانیی گوت: "تۆ داوای 1 ملیۆن دەنگت کرد، بەڵام ئێمە 1 ملیۆنمان تێپەڕاند" و باسی لە خراپیی بارودۆخی ژیانی کرد و داوای هاوکاریی کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ی تشرینی دوومی 2025، حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو گەنجە پەیامێکی ئاراستەی کاک نێچیرڤان کردبوو لەسەر بارودۆخی ژیانی، ئێمەش لێکۆڵینەوەمان لە بارودۆخی ژیانی کرد، دەرکەوت کە بارودۆخی ئابووریی باش نییە و پێویستی بە دەستی هاوکاری هەیە. ئێمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدان و بۆ ئەوەی بتوانێت لە رێگەیەکی دروستەوە بژێویی ژیانی بەدەستبهێنێت، ئۆتۆبێلێکی جۆری پیکاپمان پێشکێش کرد، کە پیشەکەی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە، تاوەکو سوودی لێ ببینێت."
 
حەسەن شێخ عەلادین گوتیشی: "هەر لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ شەو سەردانی شوێنی ژیانیمان کرد، کە زۆر نەگونجاو بوو، بۆیە خانووەکەشی بۆ نۆژەن دەکرێتەوەو کەلوپەلیشی بۆ دابین دەکرێت."
 
سەبارەت بە ئامانجی هاوکارییەکە، حەسەن شێخ عەلادین، گوتی ئەو گەنجە سەرەڕای خراپیی بارودۆخی ژیانی، زۆر بە گەرموگوڕییەوە بانگەشەی بۆ زیادبوونی دەنگی کورد لە بەغدا کردووە.
 
عەبدولباری ئیدریس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ شەو نوێنەری کاک ئیدریس بارزانی سەردانی کردم، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ-یان بۆ دابین کردم. ئەمڕۆ لیژنەیەک هاتووە بۆ ئەوەی کەلوپەلی پێویستی نێو ماڵم بۆ دابین بکات و خانووەکەم نۆژەن بکەنەوە."
 
عەبدولباری ئیدریس، سوپاسی ئیدریس و نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی: "ئەوان خەمخۆری کوردستان و نیشتمانن. ئەم هاوکارییانە زۆر کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ژیانم دەبێت و زۆر سوپاسیان دەکەم."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە