رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی بەریتانی بە سەرۆکایەتیی کۆنسووڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان کردووە و دواتریش سەردانی پۆڵادی برایان کردووە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بەرەی گەل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کردووە لە گرتووخانە.
دواتر کۆنسووڵی بەریتانیا، سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگیشی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ماوەی دوو کاژێر و نیو گفتوگۆیان لەگەڵ هەردووکیان کردووە و کۆمەڵیک پرسیاری تایبەتیان لێکردوون لەبارەی کۆی رووداوەکەی 22ی ئاب بەتایبەت لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و هەروەها پرسیاری ئەوەیان کردووە ئایا ئەشکەنجە دراون یان هەوڵدراوە بە زۆر دانپێدانانیان لێ وەربگیرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتوون من هیچ شتێک (تاوان)م لەسەر نییە، بابەتەکە ململانێی سیاسی و هەرێماییەتییە، بۆیە بەو جۆرە رووبەرووم بوونەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەمەوە کە ئاراستەی من وهاورێیانم کراون.
لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی زۆری تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە.
بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ