نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی UN لە عێراق: بە داهاتووی گەشتیاری لە کوردستان گەشبینم

14-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاوکی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی UN لە عێراق.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاوکی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی UN لە عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی UN لە عێراق دەڵێت، پشتیوانی حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی ئاوی دیجلە و فورات دەکەن. دەشڵێت، "لەبارەی داهاتووی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانەوە زۆر گەشبینم، کوردستان ناوچەیەکی زۆر جوانە."
 
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئاوکی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی UN لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە نمە نەبەز پێشکێشی کرد، گوتی، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بەشێوەیەک کاریگەرییەکە لەسەر هەموو تاکێک دەردەکەوێت.
 
ئاوکی لوتسما گوتیشی، ئەوان پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکەن تاوەکو ئاوی دیجلە و فوڕات زیاتر بکات، دەشبێت بە گرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی ئاوی نێوخۆیی عێراق بکرێت. 
 
لەبارەی فرەچەشن کردنی داهاتەکانی عێراق و پشت نەبەستن بە نەوت، ئاوکی لوتسما رایگەیاند، هەمەچەشن کردنی ئابووری دوور لە پشتبەستن بە نەوت زۆر گرنگە.
 
ئەو نوێنەرەی UN لەبارەی کوردستانەوە دەڵێت، "کوردستان ناوچەیەکی زۆر جوانە سەبارەت بە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان گەشبینم و وەکو دەبینین بەردەوام ژمارەی گەشتیارانی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان زیاددەکات."
 
بە گوتەی ئاوکی لوتسما ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە زیاتر گەشە بە کەرتی گەشتیاری بدات، ئەوەش بە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک هۆتێل و رێگەکان و ئەو شتانەی هەیە.
 
لە وەڵامی رووداودا، ئەو نوێنەری UN سەبارەت بە بەرەوپێش بردن و بەشداری پێکردنی ئافرەتان و بەهێزکردنیان گوتی، گەشەدان بە ئابووری وڵات بەبێ بەهێزکردنی ژنان زۆر قورسە لە کاتێکدا، دانیشتووانی عێراق بە گشتی زۆر گەنجن، دامەزراندنی گەنجانیش توخمێکی سەرەکییە بۆ سەرکردایەتی کردنی عێراق بۆ سەر رێگەی ئاشتی و گەشانەوە. ئینجا کار لەسەر ئابووریی سەوز بکرێت کە دەتوانێت ئەم هەموو خەڵکە گەنجە بگرێتە خۆی و کاری شیاویان هەبێت.
 
ئاوکی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی رێکخراوەکەوە گوتی، کارەکانیان لەگەڵ دامودەزگا ئەکادیمییەکانی عێراقدا فراوان دەکەن، پشتیوانیی زانکۆکان دەکەن بۆ باشترکردنی خوێندن.
 
ئایا خانەوادەی داعشەکان ئازاد دەکرێن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەکرێنەوە؟ نوێنەرەکەی یوئێن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی، "لە سەرانسەری وڵاتدا لە هەر جێیەک بیاندۆزینەوە کاریان لەسەر دەکەین و خانەوادەکانی داعش، بەو ئامانجەی هەوڵدەدەین لەگەڵیان تێکەڵی کۆمەڵگەکانیان بکەینەوە. ئێمە بەوە دەڵێین "پتەویی کۆمەڵایەتی" و بە بەرنامە دەیانگەڕێنینەوە نێو کۆمەڵگە، هەر کۆمەڵگەیەکیش ئەوان لەخۆ بگرێت ئێمە بە تەواوی هاوکارییان دەکەین." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاوکی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی UN لە عێراق: 
 
رووداو: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. رووداویش بەردەوامە لە تیشکخستنە سەر ئەو کاریگەرییانە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بۆ ئەوەی هۆشیاری بڵاو بکاتەوە لەسەر ئەوەی پێویستە چی بکرێت. لەم هەڤپەیڤینەدا دەرفەتم بۆ ڕەخسا لەگەڵ یەکێک لە کەسایەتییە جیهانییەکاندا گفتوگۆی ئەوە بکەم کە ئاوکی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەت و هەڤپەیڤینە.  
 
لوتسما: سوپاس بۆ میواندارییەکەتان و ئەم دەرفەتە بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێکی زۆر گرنگ. 
 
رووداو: بە یەکێک لە دیارترین پرسیارەکان دەست پێدەکەم، بە گوتەی توێژەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق پێنجەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین کاریگەریی گۆرانی کەشوهەوای لەسەرە. پێت وایە گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراقدا  کاریگەری لەسەر چەند کەس دادەنێت؟ 
 
لوتسما: ئەگەر لەسەر شاشەیەک سەیری بکەیت، پێم وایە گۆرانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر هەموو عێراقییەک دەبێت. ئێستا زۆر بە قووڵی ئەوە دەبینین، وەک کەمیی ئاو لە رووبارەکاندا. بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراقدا کاریگەرییەکەی زۆر زیاترە لەوەی تەنیا لەسەر دۆخی ئاو هەیبێت. ئێمە باسی بەرزیی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی هەمەچەشنیی زیندەوەران و شەپۆلی خۆڵبارینیش دەکەین. دەیشبینین کە چۆن کەمیی کارەبا کاریگەریی لەسەر بەشێکی گەورەی دانیشتووان هەیە، چونکە ئاو بە بڕی پێویست نایەت. ئەگەر لە دیدگایەکی فراوانترەوە سەیری بکەیت، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی جیهانی هەیە. بەڵام وەک تۆ ئاماژەت پێیدا، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین مەترسی لەسەرە. هەر بۆیە، ئەگەر لەو دیدگایەوە سەیری بکەیت، ئەوا هەموو عێراقییەک بە جۆرێک لە جۆرەکان کاری تێدەکات. 
 
رووداو: پێشبینی دەکەیت گۆڕانی کەشوهەوا کۆچ لە باشووری عێراقەوە بۆ ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد بکات؟ 
 
لوتسما: پێم وایە لەم ساتەدا کێشە سەرەکییەکە لە زۆنگاوەکانی عێراقدایە کە یەکێکە لە شوێنە کەلەپوورییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا و هێمای مێژوو و لە هەمان کاتدا فەرهەنگی عێراقی پێوەیە. هاوکات بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی ئاو و سوێریی ئاو لەو ناوچانەدا کاریگەرییان لەسەر بژێوی خەڵکی ئەوێ هەبووە و وای کردووە ژمارەیەکی دیاری خەڵک ئەو ناوچانە جێبهێڵن و بچن بۆ شارەکان، بۆ بەسرە یان هەر جێیەکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەو بژێوە پەیدا بکەن کە لە زۆنگاوەکاندا نەیانماوە کە ئەوە زۆر گرنگە و وەک یوو ئێن دی پی هەوڵ دەدەین لەو بارەیەوە شتێک بکەین. لەگەڵ حکومەت و رێکخراوەکانی دیکەی یوو ئێن دا پێکەوە کار دەکەین تا بۆ پشتیوانیی دانیشتووانی زۆنگاوەکان بەرنامەیەک دابنێین تا بتوانن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا بکەن و خۆیان بگونجێنن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانین کە چۆن دەتوانین لە واقیعدا بژێو باشتر بکەین تا ئەوان بتوانن لەم ناوچە گرنگانەدا بژین.  
 
رووداو: ئێوە وەک UNDP، چ هەوڵێکتان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا بینیوە؟ 
 
لوتسما: پێم وایە سەرەتا ئەوە زۆر گرنگە وەک بەشێک لە ئەجێندای گەشەپێدانی گشتگیری نیشتمانی بیبینین کە سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات کە گۆڕانی کەشوهەوا وەک یەکێک لە کارە لەپێشینە گەورەکانی عێراق دیاری کراوە. ئەوەیش هەنگاوێکی زۆر گرنگە دان بە گرفتەکەدا بنێیت. هاوکات ئەوە روونە پێویستە زۆر شت بکرێن. ئێمە وەک یوو ئێن زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتدا کار دەکەین تا زیاتر گەشە بە سیاسەتەکە بدەین و دەستمان بگات بە سەرچاوەی دارایی بۆ کەشوهەوا و لە واقیعدا گەشە بە بەرنامە بەرجەستەکان بدەین بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانی کەش و هەوایەدا بکەین. 
 
رووداو: یوو ئێن دی پی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە تایبەتی کار لەسەر چ پرۆژە و بەرنامەیەک دەکات؟ 
 
لوتسما: ئاماژە بە چەند بەرنامەیەکی سەرنجڕاکێش دەدەم. یەکەم، ئێمە لە لایەنی دانوستاندنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا پشتیوانیی حکومەت دەکەین تا لەسەر هاتنی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوڕات بۆ عێراق مامەڵە بکەن. لە هەمان کاتدا ئەوە زۆر گرنگە مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئاوی ناوخۆی عێراقیشدا بکەن لە لایەنی دابینکردنی ئاو و بەکارهێنانیەوە. جا ئێمە زۆر سەرقاڵ بووین بە یارمەتیدانی حکومەتەوە بۆ زیاتر گەشەدان بە وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو تاوەکو ئاوی سازگار بەردەست بێت، تا سیستەمی ئاودێری لە وڵاتدا باشتر بکەین بۆ ئەوەی بە چوستی ئاو بە کاربهێنرێت بۆ چاککردنی کشتوکاڵ و باشترکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی. هەروەها لە بواری پیشەسازییشدا لەگەڵ کەرتی تایبەتیشدا کار دەکەین، بە تایبەتی لە دۆزینەوەی نەوتدا تا دڵنیا ببینەوە بزانین چی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بە کاردەهێنرێت و بە شێوەیەکی بەردەوام بە کاربهێنرێت بۆ ئەوەی بڕی ئاوی گشتی بۆ بەکارهێنان باشتر بکرێت. یەکێکی دیکە هەمەچەشنیی زیندەوەرانە. پێم وایە لە دیدگای ئێمەوە هەمەچەشنیی زیندەوەران لە وڵاتدا توخمێکی زۆر گرنگە کە بپارێزرێت. بۆیە بۆ پاراستنی هەمەچەشنیی زیندەوەران لە زۆنگاوەکان و هەر جێیەکی دیکەی وڵاتدا کار دەکەین. لە بارەی خۆڵبارینیشەوە لێرە لە عێراق و لە وڵاتە دراوسێکانیش کار دەکەین تا بزانین چۆن دەتوانین هەستانی شەپۆلی خۆڵبارین لە ناوچەکەدا سنووردار بکەین. خۆڵبارین کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر  ئابووری هەیە، بۆیە لەسەر چاندنی درختی پشتێنەی سەوز و پاککردنەوەی رووبارەکان کار دەکەین. ئەمانەیش چالاکیی زۆر گرنگن کە ئێستا بە پشتیوانیی حکومەتەکان بڵاویان دەکەینەوە. 
 
رووداو: ئەی لەبارەی ئابووریی سەوزەوە چی دەڵێیت؟ یوو ئێن دی پی بەردەوام باسی ئابووریی سەوز و وزەی پاک دەکات. لەو لایەنەوە چ پرۆژەیەکتان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؟ 
 
لوتسما: ئەو زۆر روونە کە بەرەو پێشدەچێت. گەشەکردنی ئابووریی سەوز بۆ عێراق لە درێژ مەودادا توخمێکی زۆر گرنگی ئەو سیاسەتەیە. هەمەچەشن کردنی ئابووری دوور لە پشتبەستن بە نەوت ئێستا زۆر گرنگ دەبێت. بۆ نموونە چالاککردن و بەکارهێنانی وزەی خۆر توخمێکی گرنگی ئەم ئابوورییە سەوزەیە. لێرە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ بانکی ناوەندیدا کار دەکەین بۆ ئەوەی رێگە بدەین خەڵکی دەستیان بگاتە پارە وەرگرتن بۆ سەروکاری کردن لەگەڵ کێشەکانی کارەبادا، بە تایبەتی بۆ کڕینی تەختی خۆرگر. ئەمە کارێکی سەرەکییە کە هێشتا گەشەی پێ دەدرێت. بەڵام زۆر متمانەمان هەیە کە لە کورت مەودادا ئامرازێکی دیکە دەبێت کە عێراق بەرەو ئابوورییەکی سەوزتر بچێت و لە نەوت دوور بکەوێتەوە. هەروەها لە بواری کارکردنیشدا بە راستی ژمارەیەکی باش کاری سەوز هەیە کە پەیوەندییان بە گەشەی ئابووریی سەوزەوە هەیە.  
 
رووداو: پرسیارێکم لە بارەی رێژەی هەژارییەوە لە عێراق هەیە. ساڵی رابردوو وەزیری پلاندانانی عێراق وای خەمڵاند کە رێژەی هەژاری لە عێراق نزیکەی 24٪ـە. ئایا یوو ئێن دی پی لە عێراق هیچ توێژینەوەیەکی لەسەر هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە؟ 
 
لوتسما: راستییەکەی ئەم توێژینەوەیە لە لایەن یوو ئێن دی پییەوە بەردەوامە. ئێمە لەگەڵ حکومەتدا کار دەکەین، نەک تەنیا بۆ خەمڵاندنی هەژاری وەک داهاتی تاک، بەڵکو لە لایەنی دیکەیشەوە داهات دەخەمڵێنین. بۆ نموونە، دووری لە ناوەندی تەندروستی و دەرفەتی خوێندن و دەستگەیشتن بە ئاوی پاک رێگەیەکی گشتگیرتری خەمڵاندنی هەژارییە لە عێراق کە دەمانەوێت بیکەین، بە لایەنی کەمەوە لەسەر ئاستی قەزاکان، چونکە کاتێک دێیتە سەر بەئامانجگرتنی دانیشتووان تا یارمەتییان بدەیت رووبەڕووی گرفتەکانی هەژاری ببنەوە کە دەتوانین بە رێگەیەکی ئامانجدارانەتر بیکەین، سەیری ئەو ناوچانە بکەین کە پێویستیان بە زۆرترین پشتیوانییە. پێشبینی دەکەین ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە لە سەرەتای ساڵی 2024ـدا بەردەست بن کە یارمەتیدەر دەبێت تا حکومەت بودجەی بۆ تەرخان بکات و یوو ئێنیش لەو ناوچانەدا پشتیوانیی پرۆژەکە بکات، بە تایبەتی پشتیوانیی خەڵکە هەژارەکەی عێراق بکات. کە ئەویش دواجار وا دەکات بەرەو ئابوورییەکی سەوز بچین کە هیچ کەسی جێ نەهێشتبێت.  
 
رووداو: با تۆزێک زیاتر باسی زۆنگاوەکان بکەین کە پێشتریش ئاماژەت پێی دا. لە 17ـی ئەیلوولدا بۆ هاوکاریی کۆمەڵگەکانی نزیک زۆنگاوەکانی باشوور و بۆ پاراستنی هەمەچەشنیی زیندەوەران و پاراستنی ژینگەی ئەو زۆنگاوانە پرۆژەیەکی هاوبەش بە هاوبەشایەتیی حکومەتی کەنەدا و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق راگەیاند. ئایا پێت وایە ئەو زۆنگاوانە لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا رزگاریان ببێت؟ ئایا خەڵک دەتوانن لەو ناوچانەدا درێژە بە ژیان بدەن؟ یان دەبێت بە ناچاری ئەو شوێنانە جێ بهێڵن؟ 
 
لوتسما: بە دڵنیاییەوە باوەڕم وایە دەتوانین لە لایەنی کەمکردنەوە و خۆ گونجاندنەوە زۆر بکەین تا ئەو خەڵکە لە زۆنگاوەکاندا بمێننەوە و یارمەتییان بدەین  بژێویان بەردەوام بێت. پێم وایە پرۆژە هاوبەشەکە لەگەڵ حکومەتی کەنەدا توخمێکی زۆر گرنگە کە پەیوەندیی بە گەیاندنی ئاوی خواردنەوە و باشترکردنی بژێو و پاراستنی هەمەچەشنیی زیندەوەرانەوە هەیە. بەڵام هاوکات پێم وایە، ئەوە راستە کە پێویستە زۆرتر بکرێت. ئەمە ناوچەیەکی گەورەیە کە پێویستی بە پشتیوانیی زۆرە و ئاواتەخوازین لەگەڵ حکومەتەکاندا و بە دڵنیاییشەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کار بکەین لە لایەنی پەرەدان بەو سیاسەتە و دابینکردنی پارە و فراوانکردنی ئەو پرۆژانەی ئێستا لەو ناوچانە جێبەجێ دەکرێن.  
 
رووداو: بابەتێکی دیکە پرۆژە گەشتیارییەکەتانە لە هەرێمی کوردستان. لە 30ـی تەممووز پرۆژەی نەخشەڕێی بەرنامەی زەمینەسازیی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانتان راگەیاند. پێت وایە هەرێمی کوردستان شوێنێکی گونجاو بێت بۆ گەشتیاری وڵاتانی دیکە، لە نموونەی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە؟ 
 
لوتسما: سوپاس، ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. گەلێک جار بە کوردستاندا گەشتم کردووە، چ وەک بەرپرسێکی یوو ئێن چ وەک گەشتیار. بە راستی ناوچەیەکی زۆر جوانە کە ئەوەیش بۆ گەشتیاری زۆر گونجاوە. وەک ئاماژەت پێ دا، نەخشەڕێیەک هەیە بۆ باشترکردنی گەشتیاری لە رێگەی گەشتیاری دەرەوەی عێراقەوە. پێم وایە ئەمە زۆر گرنگە کاری لەسەر بکرێت. هەروەها پەیوەستیشە بەوەوە کە لە داهاتوودا دۆخی عێراق چۆن گەشە دەکات. بەڵام ئێمە بینیومانە بەردەوام ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان دێن زیاد دەکات بۆ ئەوەی چێژ وەربگرن لە هەر شتێک کوردستان هەیەتی، لە لایەنی سرووشتی جوان و خۆراک و فەرهەنگەوە. من لە بارەی داهاتووی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانەوە زۆر گەشبینم. پێم وایە ئەوە ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە زیاتر گەشە بە کەرتی گەشتیاری بدات، ئەوەیش بە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک هۆتێل و رێگەکان و ئەو شتانەی هەیە، بەڵام پێم وایە هەنگاوێکی زۆر گرنگ نراوە و ئێمەیش لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەردەوام دەبین تا بە راستی کار لەسەر ئەمە بکەین، چونکە گەشتیاری کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر ئابووری هەیە لە لایەنی زیادبوونی دراوی دەستی و خەڵک لە زۆر شوێنی کوردستان پارە خەرج دەکەن. 
 
رووداو: ئایا کار لەسەر بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئافرەتان و لاوانی هەرێمی کوردستان دەکەن؟ ئایا هیچ بەرەوپێشچوونێک لەم بوارەدا دەبینن؟ 
 
لوتسما: پێم وایە ئەوە زۆر گرنگە. سەرەتا، ئێمە دەزانین کە دانیشتووانی عێراق بە گشتی زۆر گەنجن، هەر بۆیە دامەزراندنی گەنجان توخمێکی سەرەکییە بۆ سەرکردایەتی کردنی عێراق بۆ سەر رێگەی ئاشتی و گەشانەوە. ئینجا کار لەسەر ئابووریی سەوز بکرێت کە دەتوانێت ئەم هەموو خەڵکە گەنجە بگرێتە خۆی و کاری شیاویان هەبێت کە ئامرازێکی زۆر گرنگە و بۆ ئێمە وەک یوو ئێن و بۆ حکومەتیش ئامانجێکی زۆر گرنگە. ئەوەش پەیوەستە بەو بیرۆکەیەوە کە گەشەدان بە کەرتی تایبەت وەک بەشێک لە ئابووری زۆر گرنگە. ئینجا ئەوەش راستە کە من ئەوەم لە زۆر وڵات ئەزموون کردووە کە زۆر قورسە بتەوێت بۆ گەشەدان بە وڵات بەبێ بەهێزکردنی ئافرەتان گەشە بە ئابووری بدەیت. دواجار ئەویش نیوەی کۆمەڵگەیە، هەر بۆیە بەهێزکردنی ئافرەت و بەشداریپێکردنیان لە گەشەدان بە وڵاتدا تەواو گرنگە. پێم وایە ئێمە لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبیستین کە ئەمە کاری لەپێشەینەیانە. بە دڵنیاییەوە لە روانگەی یوو ئێنیشەوە، ئێمە ئامادەی پشتیوانین. ژمارەیەک پرۆژەمان هەیە کە لە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکرێن کە پشتیوانی ئەم ئامانجانە دەکەن. 
 
رووداو: لە رووی دۆخی ئافرەتان و لاوانەوە وایە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ 
 
لوتسما: ئاگام لە جیاوازییەکان نییە. تەنیا ئەوە دەبینم کە ئاماژەمان پێ داوە ئەمانە یەکێکن لە کێشەکان کە بە راستی دەبێت کاریان لەسەر بکرێت و ئابوورییەکە بە جۆرێکە بۆ هەردوو لایەکە بە گشتی گەنج لە خۆی دەگرێت کە کۆمەڵگەیەکی گەنج دەداتێ، بەڵام ئافرەتانیش توخمێکی زۆر گرنگن بۆ ئێمە و حکومەتیش کاری لەپێشینەیە، هەر بۆیە لە هەموو شوێنێکی عێراق پێکەوە کار دەکەین. 
 
رووداو: بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەیانەوێت بۆ دەرەوەی وڵات و بە زۆری بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن. پێت وایە هۆکاری ئەم گرفتە چییە؟ ئایا لەو بارەیەوە هیچ پرۆژەیەکتان هەیە؟ 
 
لوتسما: لە لایەنی یوو ئێن دی پییەوە، بەر لە هەر شتێک، ئێمە دەزگایەکی پەیوەندیدار بە کۆچەوە نیین. رەنگە بزانیت، لە وڵاتەکەدا رێکخراوی جیهانیی کۆچ IOM هەیە. خەڵک لەبەر زۆر هۆ دەچنە دەروەی عێراق، رەنگە بۆ یەکگرتنەوەی خێزانی، بۆ خوێندن یان لەبەر هۆی ئابووری بێت. بۆیە سەختە هۆیەکەی بڵێیت، بەڵام پێم وایە لیرە ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت لە عێراق روو دەدات و چۆن دەتوانین دۆخەکە بۆ خەڵک باشتر بکەین کە بژێو پەیدا بکەن و لە عێراقدا داهاتوویەکیان هەبێت. ئێمە وەک یوو ئێن دی پی سەرنجمان لەسەر ئەوەیە. 
 
رووداو: ئەوە پرسیاری منیش بوو. چۆن پشتیوانیی خەڵکی عێراق دەکەن و وایان لێ دەکەن بزانن کە لە وڵاتەکەی خۆیاندا دەرفەتی ژیان هەیە و کۆچ نەکەن و ژیانی خۆیان و خۆشەویستانیشیان نەخەنە مەترسییەوە؟ 
 
لوتسما: ئەوەندەی من بزانم، پێم وایە زۆر گرنگە لەو لایەنەوە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی عێراقیش بەشدارییان پێبکرێت، چونکە خوێندکاری زۆرتان هەن کە لە داهاتوودا بە دوای خوێندا دەگەڕێن. بۆیە گرنگە هۆشیاری لە بارەی ئەو دەرفەتانەوە زیاد بکرێت و هەوڵ بدرێت دەرفەتەکان بۆ ئەو گەنجانە زیاد بکرێن کە زۆر هیوا و خەونیان لەناو عێراقدا بۆ داهاتوو هەیە. پێم وایە لە رابردوودا لەوبارەوە کەممان کردووە، بەڵام ئێستا کارەکانمان لەگەڵ دامودەزگا ئەکادیمییەکانی عێراقدا فراوان دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ گەنجاندا ئاڵوگۆڕ بکەین و یارمەتییان بدەین ئاراستەیان بکەین کە دەرفەتەکان چین، هەروەها پشتیوانیی زانکۆکانیش بکەین بۆ باشترکردنی خوێندن و کارامەییەکانی ئەم گەنجانە کە دەچنە تەمەنێکەوە بە دوای کار و خێزاندا دەگەڕێن. 
 
رووداو: مانگی تەممووز رێکخراوەکەتان ئاماژەی بە پێویستی دووبارە تێکەڵکردنەوەی خێزانە داعشەکان بە کۆمەڵگە کرد و ئیزدییەکانی شنگالیش بە گەڕانەوەی ئەو خێزانانە هەست بە هەڕەشە دەکەن. یوو ئێن دی پی لە لایەنی کەمکردنەوەی مەترسیی کەسانی سەر بە داعش چی کردووە؟  
 
لوتسما: وەک بەشێک لە کارەکەمان بۆ بە دیهێنانی سەقامگیری لە عێراق و ئەمە لە 2016ـوە بە شێوەیەکی سەرەکی بەردەوامە، ئێمە لە سەرانسەری وڵاتدا لە هەر جێیەک بیاندۆزینەوە کار لەسەر خێزانەکانی سەر بە داعش دەکەین بەو ئامانجەی هەوڵ بدەین تێکەڵی کۆمەڵگەکانیان بکەینەوە. ئێمە بەوە دەڵێین "پتەویی کۆمەڵایەتی" کە بە شێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر ئافرەتان و منداڵان و کۆمەڵگەکانیان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانن بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە. بۆ ئەویش کار لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێی و سەرۆک هۆزەکاندا دەکەین تا دڵنیا ببینەوە کە کۆمەڵگە ئەو خەڵکانە قبووڵ دەکات.ئینجا هەر کاتێک ئەو خەڵکانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، ئێمە پشتیوانیی کۆمەڵگەکەیش دەکەین بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەم تێکەڵبوونەوەیە بکرێت. ئەوەی زۆر گرنگە ئەو راوێژی پاش ترۆمایەیە کە دەکرێت، ئەویش بۆ یارمەتیدانی خەڵکە تا لەو ئەزموونە دەربچن کە پێیدا چوون بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین بە شێوەیەکی بەرهەمدار تێکەڵی ئەو کۆمەڵگانە ببنەوە. پێم وایە بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو ئەزموون و باشترین کاری کردەییمان بونیات ناوە. پێموایە ئێستا دەتوانین بڵێین بەرنامەیەکی زۆر سەرکەوتوومان هەیە کە ئەم جۆرە کارە هەستیارانە دەکات و، بەم دواییانە خەریکی تێکەڵ کردنەوەی ئەو خەڵکانە بووین کە لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕابوونەوە. ئەوەیش لەسەر هەمان ئەو بنەمایانە بەندە. بۆ کردنی ئەوەیش، ئێمە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و لایەنە ئەمنییەکانی عێراقدا کار دەکەین تا دڵنیا ببینەوە ئەو خەڵکە مۆڵەتی ئەمنی و ئەو شتانەیان هەبێت کە بتوانن بە راستی تێکەڵ ببنەوە. 
 
رووداو: ئێستا چ پشتیوانییەک دابین دەکەن بۆ ئەو ئاوارە عێراقییانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندان؟ 
 
لوتسما: ئەو گرنگە لیرەدا تێبینی ئەوە بکەن کە یوو ئێن بە گشتی پشتیوانی بۆ ئاوارە ناوخۆییە عێراقییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات. ئێمە وەک یوو ئێن دی پی لەناو کامپەکاندا کار ناکەین. ئەمە شتێکی زۆر گرنگە کە تێی بگەن. بە راستی ئێمە سەروکاریمان لەگەڵ پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەدایە. بۆیە کاتێک خەڵک کەمپەکە و دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، لەم کاتەدا ئێمە لە لایەنی نشینگە و بژێوەوە پشتیوانی دابین دەکەین تا دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەو جێیەی بۆی دەگەڕێنەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە پێویستییەکانی هەبێت، وەک ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و هەبوونی قوتابخانە. ئەمە ئەو کارەیە کە ئێمە دەیکەین. رێکخراوی دیکەی سەر بە یوو ئێن هەن کە سەروکارییان لەگەڵ کەمپەکاندا هەیە و پشتیوانیی دانیشتووانەکانیان دەکەن. 
 
رووداو: وەک تێبینیمان کردووە، پشتیوانیی رێکخراوەکانی سەر بە یوو ئێن بۆ پەناخوازەکانی کامپەکانی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە. جا یوو ئێن دی پی چی دەکات بۆ پەناخوازە کوردەکانی سووریا و ئێران و تورکیا کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە کەمپی مەخمووردا دەژین؟  
 
لوتسما: بەڵێ، وایە. ئێمە وەک یوو ئێن دی پی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەیە. جا رێکخراوی دیکەی یوو ئێن هەن کە سەروکارییان لەگەڵ پشتیوانیی پەناخوازەکاندایە، وەک یوو ئێن ئێچ سی ئاڕ و ئای ئۆ ئێم کە ئەو جۆرە پشتیوانییانە دابین دەکەن. ناتوانم بڵێم ئێمە پشتیوانیی راستەوخۆ بۆ پەناخوازان دابین دەکەین، بەڵام پشتیوانی بۆ ئەو کۆمەڵگە خانەخوێیانە دابین دەکەین کە ئەو پەناخوازانەیان تێدا بێت. ئەوەیش دابەشکردنی کارە کە ئێستا لە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەمانە. 
 
رووداو: بەڕێز ئاوکی لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. 
 
لوتسما: زۆر سوپاس. 
 
رووداو: سوپاس کە بینەرمان بوون. 
 
 
 

 

 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پەروەردە: لە هەرێمی کوردستان خوێندن بە حەوت زمان هەیە

لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، خوێندن بە حەوت زمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەنێویاندا جگە لە کوردی، تورکمانی و سریانی وەک زمانی دایک بە فەرمی دەخوێندرێن