سەرۆکی بولگاریا بۆ رووداو: ئامادەین پشتگیریی هەرێمی کوردستان بکەین

15-02-2025
نیاز مستەفا
 رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا قسە بۆ رووداو دەکات
رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا قسە بۆ رووداو دەکات
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڵاویکردەوە، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەرۆکی بولگاریا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان کردەوە. بە گوێرەی نووسینگەکە، 
 
سەرۆکی بولگاریا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت، هیواخوازن بەزووترین کات دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
 
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆکایەتیی بولگاریا رایگەیاند، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی بولگاریا، رادیێڤ هیوای خواست "بەزووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوت بە بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان دەستپێبکاتەوە، کە دەبێتە هۆی گەیاندنی راستەوخۆی نەوتی عێراق بۆ ئەورووپا."  
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە؛ سەرۆکی بولگاریا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت "عێراق دەتوانێت رۆڵێکی گەورەتری لە دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە و دروستکردنی هەمەچەشنی وزە بۆ ئەورووپا هەبێت، بەتایبەتی لە رێگەی پرۆژەی وزەی سەوزەوە". ئەوەش هاتووە "هەردوولا ویستی خۆیان بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بازرگانیی نێوانیان دووپاتکردەوە". 
 
بەشێکی راگەیێندراوەکە تایبەت بوو بە گرنگیی هەرێمی کوردستان کە تێیدا هاتبوو، "سەرۆکی بولگاریا پێزانینی خۆی بۆ بەشداریی هەرێمی کوردستان لە چەسپاندنی سەقامگیری و گەشەسەندن لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی".
 
سەرۆکی بولگاریا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و گرنگیی هەرێمی کوردستانیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەکە؛ سەرۆکی بولگاریا قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا کرد و گوتی: "پەیوەندیی ماوەدرێژمان هەیە، دەرفەتێکی گەورە هەیە پەیوەندییەکانمان درێژتر، فراوانتر و قووڵتر بکەینەوە. هەوڵ دەدەین پشتگیریی وڵاتەکەتان بکەین."
 
رادیێڤ بە رووداوی گوت "هەوڵدەدەین پەرە بە پەیوەندییەکانتان بدەین، نەوەک لەگەڵ بولگاریا، بەڵکو لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا. ئامادەین پشتگیریتان بکەین تاوەکو نەوت، گاز و بەرهەمەکانتان هەناردەی ئەورووپا بکەن."
 
نێچیرڤان بارزانییش لەبارەی کۆبوونەوەکە لە ئێکس نووسی "دڵخۆش بووم بە کۆبوونەوە لەگەڵ رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا. گفتوگۆمان لەسەر خاڵە لەپێشینە هاوبەشەکان و رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بولگاریا کرد."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ بولگاریا، بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بواری ئابووری، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکه‌ تاوتوێ كران.
 
ئەمە 61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنە؛ کۆنفرانسەکە سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە، کە تاوەکو 16ـی شوبات، بە بەشداری بەشێکی زۆری سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەورووپا و جیهان بەڕێوەدەچێت.

دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا:

رووداو: بەڕێز جەنابی سەرۆک، کۆبوونەوەکەتان چۆن بوو؟
 
رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا: پەیوەندیی ماوەدرێژمان هەیە، دەرفەتێکی گەورە هەیە پەیوەندییەکانمان درێژتر، فراوانتر و قووڵتر بکەینەوە. هەوڵدەدەین پشتگیریی وڵاتەکەتان بکەین. هەروەها، پەرە بە پەیوەندییەکانتان بدەین، نەوەک تەنیا لەگەڵ بولگاریا، بەڵکو لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا. ئامادەین پشتگیریتان بکەین تاوەکو نەوت، گاز و بەرهەمەکانتان هەناردەی ئەورووپا بکەن.
 
رووداو: بەڕێز جەنابی سەرۆک، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی چیتان کرد؟
 
رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا: دەرفەتی زۆر، بەشێوەیەکی سەرەکی، باسی پشتگیریکردنی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەتانمان کرد.
 
رووداو: باشە، پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق چۆنە؟
 
رومێن رادیێڤ، سەرۆکی بولگاریا: پەیوەندییەکی دوورودرێژمان هەیە، هەمیشە پشتگیریمان کردووە. هیوادارم وڵاتەکەتان دیموکراسییەت، ئابووری و دۆخی کۆمەڵایەتییەکەی بەهێز بێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە