رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما لە هەندێک شوێن دەگاتە 48 پلەی سیلیزی. پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێستیش دەڵێت، بۆ خۆپاراستن لە تیشکی خۆر، دەبێت هاونیشتمانییان کڵاو یان چەتر و دژەخۆر بەکاربهێنن.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 15ـی تەممووزی 2023، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت بە 48 پلەی سیلیزی؛ لە هەولێر 46 پلە؛ سلێمانی 42 پلە؛ دهۆک 44 پلە؛ هەڵەبجە 46 پلە و کەرکووک 47 پلەی سیلیزی دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پلەی گەرما ئەمڕۆ بەرز دەبێت؛ لە سبەی یەکشەممەوە تاوەکو چوارشهممه بههۆی هاتنی بارسته ههوایهكی تا رادهیهك فێنكهوه، پلهی گهرما 3 بۆ 4 پلە دادەبەزێت".
لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زیانەکانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ، دکتۆر مەریوان سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەم وەرزەدا تیشکی خۆر زۆر بەرزە و پێویستە خەڵک لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 04:00ـی ئێوارە خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن".
ئەو پزیشکە پسپۆڕە گوتی، زیانەکانی تیشکی خۆر بۆ پێست جۆراوجۆرن و ئەگەر هەیە ببێتە هۆی سووتانی پێست، دروستبوونی پەڵە لەسەر دەموچاو و هەندێک جاریش دەبێتە هۆی "شێرپەنجە"ی پێست.
دکتۆر مەریوان ئامۆژگاریی هاونیشتمانیان دەکات کە لەکاتی چوونە دەرەوەدا کڵاو یان چەتر، یان کرێمی دژەخۆر بەکار بهێنن و گوتیشی، "گرنگە هەر کەس چووە دەرەوە پێش 15 خولەک کرێمی دژەخۆر بەکاربهێنێت؛ لەدەرەوەش هەر دوو کاژێر جارێک دژەخۆر بەکاربهێنێتەوە، بەوشێوەیە پارێزراو دەبێت لە (یو ڤی ئەی) کە تیشکی بەهێز و خراپی خۆرە".
دکتۆر مەریوان سابیر گوتی، "دەبێت لە رۆژانی گەرمادا لانیکەم 3 بۆ چوار لیتر ئاو بخورێتەوە؛ هەروەها ئەو میوانەی ڤیتامین Cیان تێدایە گرنگە بخورێن، وەکو پرتەقاڵ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ