رووداو دیجیتاڵ
کاردیناڵ لویس رافائیل ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق بڕیاریدا لە بارەگەی سەرەکیی پاتریارک لە بەغدا بکشێتەوە و رووبکاتە کەنیسەیەکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و سەرکردەی یەکێک لە پارتە کرستیانەکان.
ماوەی چەند مانگێکە ناکۆکی لەنێوان لویس ساکۆ و رەیان کلدانییەوە دروستبووە؛ رەیان کلدانی سەرۆکی یەکێک لە پارتە سیاسییە کرستیانەکانە و لەنێو حکومەت و پەرلەماندا ئەندام و لەنێو حەشدی شەعبیشدا هێزی هەیە. ئەم مانگە، ناکۆییەکانیان زیاتر بوون، کاتێک سەرۆککۆماری عێراق نووسراوی ژمارە 147ـی ساڵی 2013 هەڵوەشاندەوە، کە تایبەت بوو بە دیاریکردنی کاردیناڵەکە بە سەرۆکی کەنیسەی کلدانی.
مەتران مار بەشار وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی کلدانی ئەمڕۆ (شەممە، 15-6-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق "جێگەی داخە" و، پشتڕاستیشیکردەوە کاردیناڵ ساکۆ لە هەرێمی کوردستانەوە چاودێری کاروباری کەنیسە دەکات، بەڵام روونیشیکردەوە ئەوە بە واتای گواستنەوەی بارەگای پاتریارکی کەنیسەی کلدانی نایەت، بەڵکو عەنکاوە شوێنی بارەگەی هاوینەی پاتریارکەکە دەبێت، کە وەکو ساڵانی رابردوو شوێنێکی کاتی دەبێت.
کاردیناڵ ساکۆ ئێستا لە ئیستەنبووڵە، لە لایەن پێکهاتەی کرستیان و بەرپرسە سیاسییەکانی عێراق بە کەسایەتیێکی گرنگ دادەنرێت، هەر ئەویش بوو، کە سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیسی ڤاتیکانی لە ساڵی 2021 بۆ عێراق رێکخست.
هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکی بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری رووداودا، مەتران مار بەشار وەردە، رەتیکردەوە مەترسیی لەسەر ژیانی کاردیناڵ ساکۆ هەبووبێت، بەڵکو گوتی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەترانێک، چووەتە ئیستەنبووڵ.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای عێراقی، کاردیناڵ ساکۆ روونیکردەوە، ئەو نووسراوە کۆمارییە بۆ ئەو گرنگ بوو تاوەکو بتوانێت سامان و کاروباری کەنیسە بەڕێوەببات.
بەڵام سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت ئەو نووسراوە کۆمارییە لەسەر بنەمای نەبوونی هیچ "پاڵپشتیێکی دەستووری و یاسایی" هەڵوەشێنراوەتەوە، هەروەها روونیشیکردەوە، "هیچ نووسراوێکی کۆماری بۆ دەستنیشانکردن دەرناکات جگە بۆ کارمەندانی دامەزراوەکان، سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان".
سەرۆکایەتیی کۆمار هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو، "بێگومان دامەزراوەی ئایینی بە دەزگای حکومی دانانرێت و پیاوانی ئایینی سەرپەرشتیکاریشیان بە کارمەندی دەوڵەت دانانرێن تاوەکو نووسراو بۆ دەستنیشانکردنیان دەربکرێت".
ئاماژەی بەوەش کردبوو، "هەڵوەشاندنەوەی نووسراوە کۆمارییەکە هیچ کاریگەریێک ناخاتە سەر پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردنیاڵ لویس ساکۆ،" جەختیشیکردەوە؛ "پاتریارک لویس ساکۆ رێز و پێزانینی گەورەی هەیە لای سەرۆکایەتیی کۆمار".
کاردیناڵ ساکۆ لە نامەیەکدا بۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق نووسیویەتی "لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتە بەمەبەست و هەراسانکەرەی کەتائیبی بابلیوون لەدژی من" و پێکهاتەی کریستیان دەکرێت، هەروەها لەبەرامبەر "نەبوونی هێزێک بۆ وەستاندنی" کەتائیبی بابلیوون و "بێدەنگیی حکومەت و کشانەوەی نووسراوی کۆماری لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە لە من، کە ئەمە پێشهاتێکە لە مێژووی عێراقدا هاوشێوەی نەبووە، بڕیارمدا لە بارەگای پاتریارک لە بەغدا بکشێمەوە و لە ئیستەنبووڵەوە [...] بڕۆم بۆ کەنیسەیەکی هەرێمی کوردستان".
پاتریارکەکە لە راگەیێندراوە تووندەکەیدا، دەڵێت بۆ ئەوەی "گەمە پیسەکە تەواو بێت،" پێشنیار دەکات، "پارێزەری دەستوور،" کە مەبەست لێی سەرۆککۆمار لەتیف رەشیدە، بەرپرسیاریەتیی کەنیسە و کاروبارەکانی بداتە رەیان کلدانی و براکانی.
مەتران مار بەشار وەردە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا لە عەنکاوە گوتی، روون نییە بۆچی سەرۆککۆمار ئەو نووسراوە کۆمارییەی هەڵوەشاندووەتەوە.
گوتیشی: پێویستبوو مەرسوومەکەی سەرۆککۆمار روونکردنەوەی زیاتری هەبێت، ئایا ئەم هەڵوەشاندنەوەیە لەسەر ویستی سەرۆککۆمار بووە وەک لە راگەیێندراوەکانی دواتری سەرۆکایەتیی کۆماردا باسکرا؟ یاخود ئەمە مەرسوومێکە بۆ کارمەندانی دەوڵەت، لەکاتێکدا کەنیسە سەربەخۆیە و پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە نییە و پیاوانی ئایینی لە لایەن دەوڵەتەوە دیاریناکرێن؟ یانیش ئەمە هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی پێشووە؟ ئەگەر هەڵوەشاندنەوەش بێت، پرسیارەکە ئەوەیە؛ چ سەرپێچیێک کراوە تاوەکو ئەو مەرسوومە هەڵبووەشێنرێتەوە؟ هەروەها بۆچی سەرۆکی کەنیسەکان بەشێوەیەکی دۆستانە ئاگادارنەکرانەوە لەم ویستەی سەرۆکایەتیی کۆمارە بۆ ئەم هەنگاوانە و بۆچی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئاگادارنەکرانەوە؟ دەرکردنی مەرسوومەکە بەم شێوەیە، بە بەئامانجکردنی کەسایەتیی پاتریارک و کەنسیەکی کلدانی دادەنرێت، لەگەڵ هەموو رێزێک بۆ ئەو روونکردنەوانەی لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە دەرکراون.
باسی لەوەش کرد "بەڕێز سەرۆک، جەنابتان دەزانن، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی وەک هەموو پاتریارکێکی دیکە لە لایەن دەسەڵاتێکی سەرووی خۆیەوە لە کەنیسە دەستنیشان ناکرێت، بەڵکو لەلایەن ئوسقووفەکانی کەنیسەی پاتریارکییەوە بە گوێرەی رێوشوێنی یاسایی کەنیسە، هەڵدەبژێردرێت".
ساکۆ و رەیان کلدانی یەکدی بە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی کرستیانەکان تۆمەتباردەکەن.
رەیان کلدانی لە ساڵی 2019ـەوە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە، رۆڵی "سیاسیی" کاردیناڵ ساکۆ سەرکۆنەدەکات، لە کاتێکدا ساکۆ، کلدانی تۆمەتباردەکات بەوەی بەزۆر خۆی کردووە نوێنەری کرستیانەکان.
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ