رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەکان بۆ قسەکانی ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکووک زیاتر دەبن. سەرکردەیەکی پارتی تەقەدوومی سوننەکان دەڵێت، رێککەوتن هەیە و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە واژۆ کراوە.
ئەمڕۆ هەینی، محەممەد عەلی تەمیم، سەرکردە لە پارتی تەقەدووم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە، بنەمای ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لە کەرکووک بوونی نییە. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە رێککەوتننامە واژۆکراوەکە جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکاتەوە، دڵنیاین لەوەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا یان ئەو رێککەوتننامەیەی نەبینیوە یان راستییەکان پشتگوێ دەخات."
ئەو ئەندامەی پارتی تەقەدووم کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراقە، دەڵێت، "رێککەوتنەکە لەلایەن سەرۆکی حیزبەکەی (ئەحمەد فاتیح) بەڕێز بافڵ تاڵەبانییەوە واژۆکراوە و تێیدا هاتووە، پۆستە سەرەکییەکان لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک بە شێوەی خولی ئاڵوگۆڕ بکرێن. دووپاتیشی دەکەینەوە، ماوەی کارکردنی بەڕێز رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە پشکی یەکێتی، بەپێی ئەم رێککەوتنە لە شەوی 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت."
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرنامەی شەوی رابردووی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "سەردانی محەممەد حەلبووسی بۆ کەرکووک بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، بەهۆی گوشاری جەماوەرییشەوە باسی لەوە کرد، رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە تاوەکو دوای دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکووک رادەستی عەرەب بکرێت، ئەگەرنا هیچ بەڵگەیەک نییە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە کرابێت."
لەوبارەیەوە ئەندامەکەی تەقەدووم دەڵێت، "رێککەوتنەکە لای هەموو ئەو لایەنانە ئاشکرایە کە بەشدارییان لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک کردووە، تەنانەت ئەوانەش کە بەشدارییان نەکردووە، بەڵام ئاگاداری وردەکارییەکانن."
محەممەد عەلی تەمیم ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستیمان بە موزایەداتی سیاسی و خۆنوواندن نییە لەم بوارەدا، ئەمەش رێککەوتنێکە کە لەلایەن هێزە سیاسییە بەشداربووەکانی پرۆسەی سیاسییەوە گەرەنتی کراوە."
هەر ئەمڕۆ هەریەکە لە زاهیر ئەنوەر عاسی و رەعد ساڵح، کە دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن لەسەر هەمان بابەت راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، رێککەوتنەکە هەیە و "گرنگترین بڕگەکانیشی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگارە لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان، لەگەڵ ئازادکردنی عەرەبە بێسەروشوێنکراوەکان لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان."
ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە ئەوانیش سەر بە حیزبی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسین، باس لەوە دەکەن، د. ئەحمەد کەرکووکی خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی واژۆی لەسەر رێککەوتنی هاوبەشیی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک کردووە و دەشڵێن، "هەڵوێستی جەماوەریمان دەبێت."
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
ئەو ئەندامە عەرەبانەی لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون پێکهاتبوون لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی.
لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ