رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''بە تەواوی بڕوا و متمانەم بە توانای گەنجان و نەوەی نوێی کوردستان هەیە کە دەتوانن هەنگاوی پێشەنگ و داهێنەر بنێنن''؛ ژیریی دەستکرد رۆژانە و بەخێرایی لە هەموو بوارەکاندا دەبێتە پێویستییەکی ژیان.
ئەمڕۆ چوراشەممە 15-10-2025. بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی، ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی 14ـەمی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی لە ئاهەنگەکەدا گوتارێکی پیشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەمڕۆ هەموومان شانازیتان پێوە دەکەین، ئەوەی ئەمڕۆ ئێوە پێیگەیشتوون، چ ئەوانەی بەکالۆریۆس و چ ئەوانەی ماستەریان لە بوارە جیاجیاکاندا تەواو کرد، ئەمە بەرەی رەنج و هەوڵدان و دەستپێکی کاروانێکی نوێی ژیانی کرداریتانە.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی دەرچوونی خوێندکارەکان کرد و گوتی، ''ئێوە ئەمڕۆ تەنیا هەڵگری بڕوانامەیەک نین، بەڵکو ئەمانەتێکی گەورە هەڵدەگرن کە بونیاتنانی داهاتووی ئەم وڵاتەی لەسەرە. کوردستان و عێراق پێویستییان بە ئێوە هەیە.''
نێچیرڤان بارزانی رووی قسەی کردە خوێندکاران و دەرچووان و جەختی لەوە کردەوە، ''ئەو داهاتووەی کە ئێمە لە کوردستان و عێراق خەونی پێوە دەبینین، جگە لە ئێوە کەسی دیکە دروستی ناکات، ئێوەن کە سەرکردایەتیی چەرخی گەشەسەندن دەکەن و وڵاتێکی بەهێز لەسەر بەهاکانی ئازادی، دیموکراسی، فرەیی، کراوەیی و زانین و پێشکەوتن بونیات دەنێن.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە کوردستان پەرەوەردە و فێرکردن کراوە بە ''کۆڵەگەیەکی سەرەکی'' لە بونیاتنانی کۆمەڵگە؛ ''باوەڕی قووڵمان وایە کە مرۆڤ‌سازی و بەرهەمهێنان لە مرۆڤدا، زیرەکترین، باشترین و بە قازانجترین وەبەرهێنانە.''
لە رێوڕەسمەکەدا، ژەنەڕال دەیڤد پتەریۆس، سەرۆکی پێشووتری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (CIA)، لەلایەن زانکۆکەوە دکتۆرای شانازی پێبەخشرا. نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لێ کرد و گوتی، رۆڵێکی گرنگی لە ''قۆناخێکی هەستیاری مێژوویی'' عێراق و هەرێمی کوردستان گێڕاوە و بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست، "عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کە بەڕێزیان (دەیڤد پیتەریۆس) خەباتی بۆ کردووە، وڵاتێکی سەقامگیر، دیموکراسی و ئاوەدانی.''
هاوکات تاقیگەیەکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بە ناوی ''تاقیگەی پیتەریۆس بۆ ژیریی دەستکرد'' کراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی لەوبارەوە گوتی، ''گۆڕانکارییەکی جۆریی نوێیە لە کاروانی لێکۆڵینەوەی زانستی، تەکنەلۆجیا و پەرەپێدان لەم ناوچەیەدا.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ناوی تاقیگەکە گوتی، ''ناونانی ئەم تاقیگەیە بە ناوی بەڕێزیان، تەنیا رێزگرتنی گەلێکی پێزان بە هاوکاری و دۆستایەتی و دڵسۆزی نییە، بەڵکو دەربڕینی راستگۆیانەیە، سوپاسگوزاریی گەلی کوردستانە بۆ هاوڕێیەک کە لە سەختترین کاتەکاندا لەگەڵمان وەستا و پشتگیری کردین.''
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بە تاقیگەکە دەکات و دەڵێت، ''ئەم پڕۆژەیە پێشەنگە، ئێستا بە زمانی کوردیی زاراوەی سۆرانی دەستپێدەکات و دواتر پەرەی پێدەدرێت بۆ زاراوەکانی دیکە. بە کوردی بیر دەکاتەوە و بە تەنیا رەنگدانەوەی روانگەی زانکۆ نییە، بەڵکو متمانەیەکی گەورەشە بەوەی کە ئێمە تەنیا بەکارهێنەری تەکنەلۆجیا نین، رازی نین تەنیا بەکارهێنەر بین، بەڵکو دەمانەوێت و دەتوانین دروستکەری تەکنەلۆجیاش بین.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەرکی تاقیگەی پیتەریۆس بۆ ژیریی دەستکرد ئەوەشی خستەڕوو، تاقیگەکە ''زمانی شیرین و دەوڵەمەندی کوردی دەباتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، زمان و کو‌لتوور و وێژەی کوردی دەپارێزێت و دەیکات بە جیهانی.''
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی گرنگیی رۆڵی ژیریی دەستکرد گوتی، ''یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئابووریی هاوچەرخ، پەروەردە، تەندروستی، وزە و گەشەسەندنی گشتگیر. رۆژانە و بەخێرایی لە هەموو بوارەکاندا دەبێتە پێویستییەکی ژیان.''
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و ئاماژەی دا، ''هیوادارین بەمزووانە گەشتە ئاسمانییەکان لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا و بە ئاسمانی تورکیاشدا بۆ ئەورووپا و جیهان دەستپێبکاتەوە.''
ئێواره‌ى رۆژی پێنجشه‌ممه 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان كۆبووه‌وه. بە داوای نێچیرڤان بارزانی و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان سزای سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا و لەبارەی داواکارییەکەوە سەرۆککۆماری وڵاتەکە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاندبوو: "قسەی تۆ رەتناکرێتەوە".
یەکەمجار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەک تورکیا دەیگوت.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیش بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلال دەڵێت، ''ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە کە ئەمڕۆ یادی ئەو بەڕێزە بکەینەوە کە پاڵپشتێکی گەورە بووە بۆ ئەم زانکۆیە و هەموو عێراق.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووبارە رووی قسەی کردە دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و گوتی، ''ئێوە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆتان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتیی داهاتووی وڵات و گەلێکی شەیدای ئازادی، کراوەیی و پێشکەوتن دەکەن. بۆیە ئاواتەخوازم داهێنەر بن، کراوە بن، رەخنەگر بن، متمانەتان بە خۆتان هەبێت کە لە هەمووی گرنگترە. نیشتمانی خۆتان خۆشبوێت و بۆی تێ‌بکۆشن و خەبات بکەن.''
زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ساڵی 2007 دامەزراوە و دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و سەر بە هیچ کەس و کۆمپانیایەک نییە. ئەرکەکەی پێشکێش‌کردنی پەروەردەیەکی گشتگیرە لەسەر بنەمای ئەمریکی بۆ خزمەتکردنی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بەڕێز جه‌نه‌راڵ دەیڤید پێترايۆس،
دۆستى دڵسۆزى عێراق و گه‌لى كوردستان،
به‌ڕێزان سه‌رۆك و مامۆستايان و ستافى زانكۆ
خوێندکاران و قوتابيانى ئازیز،
ئامادەبووانی بەڕێز…
ئێواره‌تان باش،
مايه‌ى خۆشحاڵيمه كه له سلێمانيم، ئه‌م ئێواره‌يه‌ش زۆر خۆشحاڵترم به‌وه‌ى كه له دوو بۆنه و ڕێوڕه‌سمى دڵخۆشكه‌ر و تايبه‌تدا، له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى ئازيز بەشدارم. ئاهەنگی دەرچوونی خولى چواردەهەمی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی، هه‌روه‌ها کردنەوەی تاقیگەی پێترايۆس بۆ زیرەکيی دەستکرد (AI)، کە هەنگاوێکی پێشەنگى ئومێدبه‌خشه بەرەو داهاتووی زانستی و تەکنەلۆژی لە کوردستان و لە هەموو عێراق.
هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه، ده‌مه‌وێ له دڵه‌وه به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ پێترايۆس بكه‌م، زۆر به خێر بێیتەوە بۆ عێراق، بۆ كوردستان. زۆر خۆشحاڵين كه له‌م ڕێوڕه‌سمەدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌شدارن.
به ناوى خۆم و به‌ناوى هه‌مووتانه‌وه پيرۆزبايى لێ ده‌كه‌م بۆ وه‌گرتنى دكتۆراى شانازى له زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له سلێمانى. سوپاسى زانكۆ ده‌كه‌م كه ئه‌م بڕوانامه‌يان پێ به‌خشى، ئێوه‌ش به چەپڵه‌يه‌كى گەرم پێشوازى و پيرۆزبايى لێ بكه‌ن.
ده‌رچووانى ئازيز،
به گه‌رمى و له كانگاى دڵمه‌وه، پيرۆزباييتان لێ ده‌كه‌م بۆ سه‌ركه‌وتن و گه‌يشتن به‌و ڕۆژه‌ى کە دواى ساڵانێكى پڕ له كۆشش، زۆر چاوەڕێی بوون. پيرۆزبايى له خێزان و مامۆستايانتان ده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵ ئێوه ڕه‌نجيان كێشا و له‌پێناو سه‌ركه‌وتنى ئێوه‌دا، ماندوو بوون. ئه‌مڕۆ هه‌موومان شانازيتان پێوه ده‌كه‌ين.
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئێوه پێى گه‌يشتوون، چ ئه‌وانه‌ى به‌كالۆريۆس و چ ئه‌وانه‌يشى كه ماسته‌ريان له بواره جياكاندا ته‌واو كرد، ئه‌مه به‌رى ڕه‌نج و هه‌وڵدان و مكوڕى و دەستپێکی كاروانێكى نوێى ژيانى كرداريتانه. ئێوەی ئازیز، ئێوە ئەمڕۆ تەنها هه‌ڵگرى بڕوانامه‌يه‌ك نين، بەڵکوو ئەمانەتێکی گەورە هەڵدەگرن كه بنیاتنانی داهاتووی ئەم وڵاته‌ی لەسەرە.
کوردستان و عێراق پێویستیيان پێتانە: بە زانستتان، بە بیرۆکەکانتان، بە داهێنانتان و بە تين و وزەتان کە ڕۆحی هیوا و ئومێد و گۆڕانکارین.
بە ڕاشكاوى و بە ڕاستگۆيى پێتان دەڵێم: ئەو داهاتووەی کە ئێمه له كوردستان و عێراق خەونی پێوه دەبینین، جگە لە ئێوە، کەسی تر دروستی ناکات. ئێوەن کە سەرکردایەتيی چەرخی گەشەسەندن دەکەن، ئێوەن کە كۆمه‌ڵگه و وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو و هاوچەرخ و گەشاوە بنیات دەنێن. وڵاتێك، كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك كه لەسەر بەهاكانی ئازادی، دیموکراسی، فره‌يى، كراوه‌يى، زانین و پێشکەوتن، بنيات ده‌نرێت.
ئێمه لە کوردستان پەروەردە و فێركردنمان کردووە بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگه‌دا. باوەڕی قووڵمان وایە کە مرۆڤسازى و وەبەرهێنان لە مرۆڤدا، زیرەکترين و باشترین و به‌قازانجترين وەبەرهێنانە. زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی، وه‌ك زانكۆكانى تر له هه‌رێمى كوردستان و عێراق، نموونەیەکی ڕوونە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پەروەردەی هاوچەرخی کراوە به‌سه‌ر جیهاندا، دەتوانێت چ كاريگه‌رييه‌كى ئه‌رێنى و بنياتنه‌رانەی هه‌بێت.
ئەم زانکۆیە لە سلێمانی، لە درێژه‌ی ساڵەکانی ته‌مه‌نيدا، نەوەیەکی لە گه‌نجانى خوێندەواری پێگه‌يشتوو ده‌رچوواندووه كه بۆ بەهاکانی دیموکراسی و زانستى هاوچەرخ و بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانه‌ى ئازاد، كراوه‌ن. ئەمەش ڕێك ئەوەیە کە کۆمەڵگه‌كه‌مان پێویستى پێیەتی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی بەهێزتر، گه‌شاوه‌تر و پێشكه‌وتووتر.
ئامادەبووانی بەڕێز،
تاقیگەی پێترايۆس بۆ زیرەکيی دەستکرد كه به‌رله دوو ڕۆژ لێره له زانكۆ كرايه‌وه، گۆڕانکارییەکی جۆریی نوێیە لە كاروانى لێکۆڵینەوەی زانستی و ته‌كنه‌لۆژى و پەرەپێدان لەم ناوچه‌يه‌دا.
ئەم پرۆژە پێشەنگە، کە ئێستا بە زمانی کوردی، زاراوه‌ى سۆرانی، دەست پێدەکات و دواتر په‌ره‌ى پێده‌درێت بۆ زاراوه‌كانى تر و به كوردى بيرده‌كاته‌وه، به تەنها ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕوانگه‌ى زانکۆ نييه، بەڵکوو متمانەیەکی گه‌وره‌ش به‌رجه‌سته ده‌كات به‌وه‌ى کە ئێمە ته‌نها به‌كارهێنه‌رى ته‌كنه‌لۆژيا نين، ڕ‌ازى نین ته‌نيا به‌كارهێنه‌ر بين، به‌ڵكوو دەمانەوێت و دەتوانین دروستکەری تەکنەلۆژیاش بین.
ئه‌مه هه‌روه‌ها زمانى شيرين و ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردى ده‌باته قۆناغێكى پێشكه‌وتووه‌وه. زمان و كه‌له‌پوور و وێژه‌ى كوردى ده‌پارێزێت و ده‌يكات بە جيهانی. ئه‌مه له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانى تر‌ى زانكۆی ئه‌مه‌ريكى له سلێمانی، له خوێندنى (IT) و (AI)، له ديدارى كوردناسى، به ڕاستى هه‌نگاوێكى گرنگ و مايه‌ى شانازى و ده‌ستخۆشييه.
نيشانده‌رى ئه‌وه‌يه كه ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به هه‌بوونى گه‌نجانى زانستخواز و پێگه‌يشتووى وه‌ك ئێوه، به هه‌بوونى مامۆستايانى خه‌مخۆر و دۆستانى دڵسۆزى وه‌ك جه‌نه‌راڵ پێترايۆس، ده‌توانين هه‌نگاوى گه‌وره به‌ره‌و جيهانى پێشكه‌وتووى ته‌كنه‌لۆژيا بنێين.
به‌ڕێزان،
(AI)، زیرەکيی دەستکرد ئيتر یەکێکە لە بزوێنەرە سه‌ره‌كييه‌کانی ئابووريی هاوچەرخ و پەروەردە و تەندروستی و وزە و گەشەسەندنی گشتگیر. ڕۆژانه و به خێرايى له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌بێته پێويستييه‌كى ژيانى، بۆيه دەستپێکردنی ئەم تاقیگەیە لە هەولێر، لە سلێمانی و کوردستانەوە، پەیامی هیوا و هێزە، کە ئێمە باوەڕمان بە لاوان و بە زانست هەیە، کە ئێمە بەشێکی گرنگين لە داهاتوويه‌كى باشتر و گه‌شاوه‌تر.
به‌م بۆنەیەوه، دووباره به‌خێرهاتن و ده‌ستخۆشييه‌كى گه‌رم له هاوڕێی ئازیزی گەلی کوردستان و عێراق، به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ دەیڤید پێترايۆس ده‌كه‌م. به‌ڕێزيان چەند ڕۆژێکە لە کوردستان و عێراقه. هیوادارین عێراق و هەرێمى كوردستان بەو ئاراستەیە بڕۆن کە ئه‌و خەباتى بۆ کردووە: وڵاتێکی سەقامگیر، دیموکراسی و ئاوەدان.
به‌ڕێزيان ڕۆڵێکی گرنگی لە قۆناغێکی هەستیارى مێژووی وڵاتەکەماندا هەبوو. جەنابیان، ئه‌و كاتى خۆى، جوامێرانه له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ڕووبه‌ڕووى تيرۆر و تيرۆرستان بووه‌وە، هه‌روه‌ها بەشداريی لە پشتگیریکردنی چەندین پرۆژەی گرنگدا له هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد.
له كاتێكدا ئه‌و سه‌رده‌مه كۆمپيووته‌ر بۆ ئه‌م وڵاته نه‌ده‌هات، ئه‌و يه‌كه‌م كه‌س بوو كه به سوپاسه‌وه كاتى خۆى به فڕۆكه کۆمپیووتەری بۆ زانكۆى سلێمانى هێنا، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و هاوبه‌شيى لە دروستکردنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا هه‌بوو.
هيوادارین به‌م زووانه‌ش گه‌شته ئاسمانييه‌كان له سلێمانييه‌وه بۆ توركيا و به ئاسمانى توركياشدا بۆ ئه‌ورووپا و جيهان ده‌ست پێبكه‌نەوە، پاش ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو له كاتى كۆبوونه‌وه‌مدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا، جەنابی سەرۆك ئه‌ردۆغان، بڕيارى كردنه‌وه‌ى ئاسمانى توركيا به‌ڕووى سلێمانيدا، درا.
هەروەها دەمەوێ هەر بەو بۆنەیەوە، گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال بەبیربهێنمەوە. ئه‌وه هەنگاوێكی گەورەیە كە ئەمڕۆ یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە. یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە كە پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ ئەم زانكۆیە، پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ هەموو عێراق. من خۆم شەخسی شاهدی ئەوەم كە چەند مەبەستی بوو ئەم زانكۆیە پێشبكەوێت و چەند مەبەستی بوو و داوای لە هەموو لایەك دەكرد پشتگیریی ئەم زانكۆیە بكەین. ڕۆحی شاد و یادی بە خێر بێت.
پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى جه‌نه‌راڵ پێترايۆس بۆ هه‌ميشه به ڕێزه‌وه لە یاده‌وه‌رییەكانی گەلى كوردستاندا ده‌مێننه‌وه. ناونانی ئەم تاقیگەیە بە ناوی به‌ڕێزيانه‌وه، تەنها ڕێزگرتنى گه‌لێكى پێزان به هاوكارى و دۆستايه‌تى و دڵسۆزى نییە، بەڵکوو دەربڕینێکی ڕاستگۆیانەیە، سوپاسگوزاریی گەلی کوردستانە بۆ هاوڕێیەک کە لە سەختترین کاتەکاندا لەگەڵماندا وەستا و پشتگیریی كردین. زۆر سوپاس جەنەراڵ.
ده‌رچووانى ئازيز..
کلیلەکانی داهاتوو، ئەمڕۆ لە ده‌ستى ئێوه‌دايه. ئێوە تەنها نوێنەرایەتيی خۆتان ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتيی داهاتووی وڵات و گه‌لێكى شه‌يداى ئازادى و كراوه‌يى و پێشكه‌وتن دەکەن. بۆیە ئاواتەخوازم، داهێنەر بن، کراوە بن، ڕه‌خنه‌گر بن، متمانەتان بە خۆتان هەبێت، له هه‌مووى گرنگتر نيشتمانى خۆتان خۆش بوێت و بۆی تێبكۆشن و خەبات بكەن. تەنها به بەشداریکردن لەگه‌ڵ جیهاندا ڕ‌ازى نه‌بن، بەڵکوو بەشداريی لە دروستکردنیدا بكه‌ن.
سوپاسی ڕۆڵى پێشه‌نگى زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی دەکەم، هیوادارم تاقیگەيان بۆ زیرەکيی دەستکرد (AI) ببێتە سەکۆیەکی ڕاستەقینە بۆ داهێنانی زانستی و بەشداريی لە بنیاتنانی ڕابوونێكى زانیاری و ته‌كنه‌لۆژى لە کوردستان و لە عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەشدا، بكات. به ته‌واوى بڕوا و متمانه‌م به تواناى گه‌نجان و نه‌وه‌ى تازه‌ى كوردستان هه‌يه كه ده‌توانن له‌م بواره‌دا، هه‌نگاوى پێشه‌نگ و داهێنه‌رانه بنێن.
دووباره لێرەوە پيرۆزبايى له ئێوه‌ى ده‌رچووانى ئازيز، پیرۆزبایی لە یەك بە یەكەتان دەكەم، له خێزان و كه‌سوكار و مامۆستايان و ستافى زانكۆ ده‌كه‌م. ئێوه بۆ هه‌موومان، بۆ كوردستان و بۆ عێراق، مايه‌ى شانازى و جێى هيوا و ئومێدن.
هيواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم،
هەر لە خۆشی‌دا بن.
بە خێر بێن سەر چاو..
زۆر سوپاس..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ