راگەیێندراوی کۆشکی سپی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر

17-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆشکی سپی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە داڤۆس بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوڵیڤان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بالیستییە بێباباکانەکەی ئێرانی کرد کە رۆژی پێشتر کرایە سەر هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان و سەرەخۆشیی خۆی بۆ مەرگی تراژیدی چوار هاووڵاتی سڤیل لەو هێرشانەدا دەربڕی، لەوانەش منداڵێکی کەمتر لە یەک ساڵ".
 
کۆشکی سپی دەشڵێت، "سوڵیڤان و بارزانی باسیان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و بەردەوامیی ناردنی پارە لە حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش بۆ پاڵپشتی لە سەقامگیری هەرێمەکە و بژێوی هاووڵاتییان. سوڵیڤان پێزانینی هەبوو بۆ هاوبەشیی بەهێزی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و پاڵپشتی ئەمریکای دووپاتکردەوە".
 
شەوی رابردوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوامبوونی هێرشەکان پاساو هەڵناگرێت و پێویستە کۆتایی پێ بهێندرێت."
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان، "جەختی کردەوە کە لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن، تاوتوێی رێکارەکانی پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
لەلایەکی دیکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکیانە و وڵاتەکەی بێ دوودڵی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکات.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی خۆی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی لە داڤۆس بڵاوکردەوە.
 
بلینکن لەسەر وێنەکە نووسیویەتی، "لە پاش هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمڕۆ لە داڤۆس قسەم لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکە و ئەمریکا بێ دوودڵی دەستدرێژییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات".
 
دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە داڤۆس، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەتەوە. نووسینگەی مەسرور بارزانی باسی لەوە کردبوو، بلینکن لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە رایگەیاندووە، "ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە جیدی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەدەن".
  
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە. هاوخەمی وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی".
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیدی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن".
 
شەوى دووشەممە لەسەر سێشەممەی ئەم هەفتەیە، سوپاى پاسدارانى ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون.
 
بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێنج ئەندامى لەسەر ئەو هێرشە پێکهێندرا، کە قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەییی عێراق سەرۆکایەتى دەکات و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان تێیدا ئەندامە.
 
لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون و دەبێت لەماوەى 48 کاژێردا راسپاردەى خۆی لەبارەی ئەو ھێرشە بداتە سەرۆکوەزیرانى عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە