سەعدی پیرە: هەوڵ دەدرێ کابینەی نوێی حکومەت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێندرێ

17-07-2025
پەیمان محەممەد
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-
 
 

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، هەوڵ هەیە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێ.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-07-2025، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی: ''بەرهەمی پێکەوە کارکردنی یەکێتی و پارتییە.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە و بایەخی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کرد و گوتی: ''دۆخەکە لە گۆڕاندایە. هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی لە یارمەتیدانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە رێگەی ئاشتەواییەوە بگێڕێ. ئەگەر ئێمە کێشەکانی خۆمان پێ چارەسەر نەکرێت، پارچەکانی دیکەی کوردستان چۆن دەتوانن متمانەمان پێبکەن.''
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا رەشنووسەکەی نێوان هەولێر و بەغدای پەسندکرد کە تایبەتە چارەسەرکردنی پرسی مووچە و نەوت. سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد: ''ئەمەش بەڵگەیە بۆ جیدیبوون لەسەر چارەسەرکردن کە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تەنیا بۆ ئەم پرسە راگەیێندرا.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: ''فرۆشتنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە واتای کەمکردنەوەی گرنگیی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکانمان چەندە لەگەڵ عێراق تووندوتۆڵ بن، ئەوەندەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەمان بەهێزتر دەبێت''.
 
''هەوڵ هەیە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێ''

 

20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێندراوە.
 
 ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، لە کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان یەکێتی و پارتی کە 14ـی تەممووز بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو ''لێکنزیکبوونەوە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق، کاری پێکەوەیی و کارکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق هەبوو.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: ''پێم وایە ئەم هەنگاوە ئەرێنییە و دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و دەستبەکاربوونی پەرلەمان.''
 
دوای کۆبوونەکە، پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی مەرج و داواکارییەکانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت گوتی: ''دەمانەوێ لە هەموو جومگەکانی ئەم دەسەڵاتەدا بین؛ نابێ برادەرانی پارتی وەها بزانن کە دەبێ لەژێر ناوی بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەماندا دەسەڵات بۆ خۆیان تاپۆ بکەن. دەبێ دەسەڵات هی هەردوولا بێت''.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: ''ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە هاوبەشی یەکدین، مەبەستم 50٪ بە 50٪ نییە، دەکرێت 50 بە 50ـش نەبێت، بەڵام یەکێتی لە جومگەکانی دەسەڵاتدا بوونی هەبێت و هەست بەوە بکرێت بەشدارە لە حوکمڕانی.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ کرد کە یەکێتی لە کابینەی داهاتوودا دەیەوێت وەریانبگرێت و گوتی: ''ئەگەر پارتی پێشنیازی باشتریشی بۆ پێکەوە کارکردن هەبێ، لەوانەیە گوێی لێ رابگیرێت.''
 
دانوستاندنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەکاتێکدایە، بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، هەوڵ دەدرێ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە پێک بهێندرێ. 
 
"هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان"

 

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 18 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان و لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوو و بەگوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لەدەستداوە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی سەرچاوەی هێرشە درۆنییەکان دەڵێت: ''ئێمە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەمان [لەسەر هێرشکارەکان] نییە و هەمووی لە گوماندا کۆدەبێتەوە. زۆر بۆچوون هەن لەسەر ئەوەی کە سەرچاوەکەیان نێوخۆیی، دەرەکی یان لەنێو عێراق بن؛ بۆیە پێم وایە ئەرکی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە هاوکاری بکەن بۆ دۆزینەوە و بەگژداچوونەوەیان''.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت تەنیا بۆ ''تێکدان''ـە و گوتی، ئەو دامەزراوە ئابوورییانە ''بەبێ هیچ هۆکارێکی راستەقینە دەکرێنە ئامانج. هەرێمی کوردستان نە ئێستا و نە لە داهاتووشدا نایەوێت بکرێتە ئامانج و بەشدار بێت لە هیچ شەڕێکی وێرانکەر.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە