رووداو دیجیتاڵ
دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوی فڕۆکەخانەکە دەڵێت، "بە درۆن" هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت.
رووداوەکە کاژێر 04:05 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18-09-2023 روویداوە. وەکو دابان محەممەد دەڵێت، زانیاری پشتڕاستکراوەیان لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی قوربانییان، ئامارێکی "پشتڕاستنەکراوە" دەخاتەڕوو و دەڵێت، شەش کەس کوژراون و کەسێکیش بریندارە.
لای خۆیەوە، دژە تیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. دژە تیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات" و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
فڕۆکەخانەی عەربەت، لە ساڵی 2005 کراوەتەوە. لە ساڵی 2007 بڕوانامەی رێپێدانی بۆ قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵیەکانی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2017 وەکو سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بەفەرمی ناسێنراوە. لە بوارەکانی کشتوکاڵی و راهێنانەکاندا سوودی لێ دەبینرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ