کارنامەی رەوتی هەڵوێست: پشتیوانی لە بەجێکردنی مووچە و رادەستکردنی نەوت بە عێراق دەکەین

18-10-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، لە کارنامەکەیدا بەڵێنی پشتیوانیی بەجێکردنی مووچە و رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. داواش دەکات، "پێشمەرگە ببێتە بەشێک لە هێزی بەرگریی نیشتمانی لە عێراق."
 
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، کارنامەیەکی 15 خاڵیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە کردووە، کە پرسی مووچە، نەوت و ‌گاز و هێزی پێشمەرگە لەخۆدەگرێت.
 
رەوتی هەڵوێست پێیوایە، بۆ چارەسەری گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، "عێراق و پەرلەمانەکەی دروستترین بژاردەیە."
 
پرسی دەستووری عێراق بەشێکی کارنامەکەی رەوتی هەڵوێستە و وەک ئاماژەی بۆ کردووە، چەندین مافی گرنگ بۆ خەڵکی کوردستان جێگیرکراوە، بەڵام وەک پێویست کار لەسەر چەندین بڕگەی نەکراوە.
 
رەوتی هەڵوێست بۆچوونی وایە، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی قەوارە دەستوورییەکەیدا دەتوانرێت ببێتە هاوبەشێکی بەهێز لە عێراق و ماف و شایستەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی وەربگرێت.
 
مووچە و نەوت و گاز 
 
بۆ پرسی مووچە، رەوتی هەڵوێست جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کردووەتەوە و بە گونجاوترین بژاردەی داناوە، وەک ئاماژەی بۆ کردووە، "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق بە هەمان شێوە و کات و میکانیزم مووچەی خۆیان وەربگرن". هاوکات پشتیوانی لە بەجێکردنی مووچە (طوطین) دەکات و پێی وایە، بەو هەنگاوە گرفتی پلە بەرزکردنەوەش چارەسەر دەبێت. 
 
دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز، پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی رەوتی هەڵوێست. پێیوایە بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ؛ کۆتایی بە ناکۆکیی نەوت دەهێنێت و بۆ هەمیشە گەرەنتی مووچەی خەڵکی کوردستان دەکات.
 
ئامانجێکی دیکەی هەڵوێست خستنەگەڕی دەستەی گشتیی چاودێری داهاتی فیدڕاڵ و دەستەی راژەی فیدڕاڵە، بۆ "بەرگریکردن لە بەرکەوتە دارایی و کارگێڕیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان"، وەک لە هەردوو مادەی 106 و 107ـی دەستوردا هاتووە.
 
رەوتی هەڵوێست لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لە چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تیی مافی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی گشتی عێراقدا کردووەتەوە.
 
پرۆژەی بووژانەوەی دادپەروەرانە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
 
- لە بودجەی عێراق پشکی شایستە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
 
- بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی عێراق، لە داهاتی ناوخۆی نانەوتی هەر پارێزگایەک بڕێکی باش داهاتی ناوخۆی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، بەکاربهێنرێت بۆ پرۆژە.
 
دەرمان، سووتەمەنی و پێدانی قەرز
 
رەوتی هەڵوێست لە کارنامەکەیدا بەڵێنی داوە بۆ دەرمان و سووتەمەنی( نەوت و بەنزین و گازوایل) داوا دەکات شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، وەک لە کارنامەکەدا هاتووە"پشتیوانی یاسایی بەهێزی هەیە."
 
کردنەوەی لقی بانکی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستان، پێدانی قەرزی پرۆژەی نیشتەجێبوون، کشتوکاڵ و پیشەسازی و هتد.. یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی رەوتی هەڵوێست.
 
زمان و هێزی پێشمەرگە
 
رەوتی هەڵوێست داوای سەلماندنی زمانی کوردی، وەک زمانی پلەیەک لە عێراقدا دەکات بەپێی مادەی چواری دەستوور، هاوکات داوا دەکات هێزەکانی پێشمەرگە ببێتە "سوپایەکی یەکگرتووی بەهێزی نیشتمانی ناحیزبی"، لە ژێر ناوی پێشمەرگەدا بە رەچاوکردنی هەموو تایبەبەتمەندییەکان، "ببێتە بەشێک لە هێزی بەرگریی نیشتمانی لە عێراقدا" مووچە و ماف و شایستە داراییەکانیان هاوتای سەربازی عێراق بکرێت، وەک لە مادەی 121ـی دەستووری عێراقدا هاتووە.
 
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کارنامەکە بەشداریکردنی سەرباز و پلەدارەکانی هەرێمی کوردستانە لە هێزە چەکدارەکانی سوپای عێراقی فیدڕاڵ، بۆ راگرتنی هاوسەنگی پێکهاتەی گەلی کوردستان وەک لە مادەی 9ـی دەستووردا هاتووە.
 
رەوتی هەڵوێست لە کارنامەکەیدا پشتیوانی لە دەرکردنی یاسا فیدڕاڵییەکان و دامەزراندنی (ئەنجومەنی فیدڕاڵ) به‌پێی ده‌ستووری عێراق دەکات. 
 
كاركردن بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)ی ده‌ستووری عێراقی، له‌ڕێى میكانیزمێكی نوێ، كه‌ تێیدا هاوبه‌شیی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌ته‌واوی بسه‌لمێت، رەوتی هەڵوێست بەڵێنی داوە،" کار دەکات بۆ ئه‌وه‌ی به ‌گفتوگۆی نێوان لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا رێگاچاره‌یه‌كی نوێ بدۆزرێتەوە."
 
دامەزراندنی نووسینگەی هەرێمی کوردستان لە باڵوێزخانەکانی عێراقدا بەشێکی دیکەیە لە کارنامەکەی رەوتی هەڵوێست و ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو نووسینگانە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، نەک نووسینگەی حیزبیی هێزە سیاسییەکان بەناوی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بکرێتەوە، وەک لە مادەی 121ـی دەستووردا هاتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە