فۆڕمى دەنگدانى سلێمانى 'گەورەترین' دەبێت

19-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فۆڕمى دەنگدانى هەڵبژاردنى کوردستان بەگوێرەى پارێزگاکان دەگۆڕێت و سلێمانى گەورەترین دەبێت. فۆڕمەکە 15 بۆ 20ى مانگى ئایار چاپ دەکرێت.
 
لە دەنگدانى ئەزموونیى هەڵبژاردن لە 16ى نیساندا کڵێشەیەکى بەرایی فۆڕمى دەنگدان کراوە، کە بڕیارە لەدواى تەواوبوونى لێکۆڵینەوە لە بەربژێرانى پارت و هاوپەیمانێتیەکان، چاپ بکرێت. 
 
فۆڕمی دەنگدان ئەو کاخەزەیە کە ناوی هەموو بەربژێر و هاوپەیمانییەکانی بازنەیەکی هەڵبژاردنی لەسەرە. عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى گوت: "قەبارەى فۆرمى دەنگدان بە دوو قەبارەى 20 بە 40 سانتیمەتر و 20 بە 30 سانیتمەتر دەبێت".
 
10 پارت و دوو هاوپەیمانێتى و 57 بەربژێرى سەربەخۆ بۆ هەر چوار پارێزگاى هەولێر، سلێمانى، دهۆک، هەڵەبجە تۆمارکراون، هەر پارێزگایەک فۆڕمى دەنگدانى جیاوازی دەبێت، جگە لە فۆڕمى دەنگدانى تایبەت.
 
عیماد جەمیل راگەیاند ئەوەى وایکردووە فۆڕمەکەى سلێمانى گەورەترین بێت ئەوەیە، کە 22 بەربژێرى سەربەخۆى هەیە.
 
کۆمسیۆن چاوەڕێى گەڕانەوەى ناوى سەرجەم بەربژێرانە لە لێکۆڵینەوەى شیاوییان بۆ هەڵبژاردن کە کۆتایی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ ئەوەى وەزارەتەکانى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و دەستەکانى دەستپاکى هەردوولا و دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى ناوەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.
 
بەگوێرەى رێکارەکانی کۆمیسیۆن 15 بۆ 20ى ئایار کۆپیی کۆتایی فۆڕمى دەنگدان چاپ دەکرێت، بەرپرسەکەى کومیسیۆن گوتى: "لە دواى تەواوبوونى ئەو لێکۆڵینەوانە کڵێشەى کۆتایی فۆڕمى دەنگدانەکە دەردەکەوێت کە چۆن دەبێت". 
 
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 10ى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆنیش  10ـی ئایار تاوەکو 6ـی حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.