وەرگرتنی گەنمی کەرکووک 9 واژۆی پێویستە

19-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەرگرتنی گەنمی کەرکووک 9 واژۆی پێویستە، نوێنەرێکی جووتیاران بە رێکارێکی "نامۆ"  ناوی دەبات و دەڵێت، یەکەمجارە بەم شێوەیە دەبێت و داوا دەکات ئاسانکارییان بۆ بکرێت؛ بەڵام سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەمە ئاسانکارییە و کارێکی باشە.
 
لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک لە سەرۆک و نوێنەری هەشت لایەن پێکهێندراوە، مامەڵەی وەرگرتنی گەنمەکە دەبێت واژۆی سەرجەمییانی لەسەر بێت. لایەنەکان بریتین لە: بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک، کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، ئاسایش و هەواڵگری، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، فەرماندەیی پۆلیس، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمە وێڕای سەرۆکی لێژنە.
 
ساتح کەرکووکی، کە یەکێکە لە نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 19ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم رێکارە نامۆیە، پێشتر نەبووە، پار لە هۆبەی کشتوکاڵ نووسراوێکی پشتگیری بۆ جووتیار دەکرا و بۆ رۆژی دواتر گەنمەکەی رادەست دەکرا، بەڵام ئەم ساڵ میکانیزم و رێکارەکان زۆر سەیر و نامۆن".
 
ساتح کەرکووکی دەڵێت، بەبازاڕکردنی گەنم لە کەرکووک پێویستی بە 9 واژۆ هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە جیاوازەکانەوە، ئەم میکانیزمە بۆ جووتیاران زۆر قورسە، داوا دەکەن ئاسانکاری بکرێت و میکانیزمێکی دیکە بدۆزرێتەوە.
 
لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێکارەکانی پێ باشە و پێشوازیی لێدەکات. 
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی دووشەممە 19ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە ئاسانکارییە نەک ئاستەنگ دروستکردن، نوێنەرانی سەرجەم ئەو لایەنانە لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک کۆدەبنەوە و واژۆ لەسەر نووسراوەکە دەکەن".
 
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی ناوچەکان دێن و نووسراوەکان دەبەنە لای ئەندامانی لیژنەکە و واژۆی لەسەر دەکەن، بۆ ئەوەی جووتیاران بێ هیچ گرفتێک گەنمەکانیان بگوازنەوە و رادەستی بکەن.
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەکە، ساڵانی رابردوو لە بازگەکان کێشە و گرفت بۆ جووتیاران دروست دەکرا، بەڵام ئەم ساڵ مۆری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی پێوە دەبێت و بەم شێوەیە هیچ گرفتێک بۆ جووتیاران دروست نابێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.