وێستگەی پاڵاوتنی ئاوەڕۆ بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەست بە کار دەکات

20-06-2023
رووداو @Rudawkurdish
وێستگەی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی شاری ورمێ
وێستگەی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی شاری ورمێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وێستگەی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی شاری ورمێ ئامادەی بەکارهێنانە؛ ئاوی بەکارهێندراوی ورمێی تێدا کۆدەکرێتەوە، پاڵاوتە و خاوێن دەکرێتەوە و بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بەکاردێت.
 
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، "تێست و تاقیکارییەکانی تەواو بوون و ئامادەیە بکرێتەوە و کەڵکی لێوەربگیرێت. بە جیدی دەمانەوێت، پڕۆژە نیوەچڵەکانی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەواو بکەین."
 
ئەم پڕۆژەیە ساڵی 2015 دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە کارەکانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک راوەستا. ئەم وێستگەی پاڵاوتنە وەکو یەکێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانی حکومەت بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە قەڵەم دەدرێت.
 
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیە چەند قازانجێکی هەیە. قازانجی یەکەم لایەنی تەندروستی و ژینگەییە؛ دووەمیش پەیوەندیی بە ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێوە هەیە. ئەم پڕۆژەیە 51 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خاوێنکراوەی ئاوەڕۆ رەوانەی دەریاچەی ورمێ دەکات."
 
بەڵام ئەم بڕە ئاوە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ زۆر کەمە. بە گوتەی مستەفا فەدایی فەرد، ئەندامی دەستەی دامەزراوەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەڵێت، "بۆئەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکە بگاتە ئاستێک کە بوونەوەران تێیدا بژین، ساڵانە پێویستی بە چوار ملیار مەتری سێجا ئاوە."
 
دەریاچەی ورمێ پێویستی بە 14 ملیار مەتری سێجا ئاوە بۆئەوەی بگاتە ئەو ئاستە، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو ملیار مەتری سێجا ئاوی تێدایە. دەریاچەکە ساڵی 1996 نزیکەی 33 ملیار مەتری سێجا ئاوی تێدابووە.
 
تونێلی کانی سێو کە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی حکومەت بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێیە، ساڵانە 600 ملیۆن مەترسی سێجا ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ دەگوازێتەوە.
 
دۆخی دەریاچەی ورمێ بەرهەمی وشکەساڵی و ساڵانێک پەرەسەندنی ناهاوسەنگ لە بواری کشتوکاڵدایە. رووبارەکانی دەریاچەی ورمێ بەنداویان لەسەر دروستکراوە و 80 هەزار بیری ئاوی نایاسایی لە ناوچەی رێژاوی دەریاچەکەدا هەن، کە ئاوی دەریاچەکەیان هەڵمژیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە: د. دلاوەر ئاژگەیی و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا

هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکەن

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.