رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی دەڵێت، دەبێت هاووڵاتی لە کاتی سکچووندا بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19-06-2023، دکتۆر نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''لە ماوەی یەک هەفتەدا (5 تاوەکو 11ی مانگی شەش) هەزار و 935 سکچوون تۆمارکراوە کە بەراورد بە هەفتەی پێشتری خۆی، نزیکەی 600 تووشبوون زیادیکردووە و ئەوەش ئاسایی نییە.''
بەگوتەی دکتۆر نەجمەدین حەسەن، زیادبوونی سکچوون پێشبینیکراو بوو، چونکە هەوکردنی پەردەی مێشکیش لەو ماوەیەدا زیادیکردووە و گوتی، ''ئەگەر کێشەیەک لە ئاوی خواردنەوە یان پەیڕەوکردنی پاکوخاوێنی کەسیدا هەبێت، سکچوونیش دێتە ئاراوە.''
وەک نوێنەرەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تاکە گەرەنتی بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە ئەوەیە کە پەیڕەوی پاکوخاوێنی کەسی بکرێت، ئاوی خواردنەوە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەکاربهێنرێت، لە ماڵەوە خواردن بە شێوەیەکی زانستییانە هەڵبگیرێت و خواردنی گوماناوی بەکارنەهێنرێت.
دکتۆر نەجمەدین حەسەن ئەوەشی خستەڕوو کە جگە لە منداڵان 70٪ی ئەو رێژەیەی بۆ سکچوون تۆمار کراوە کەسانی بەتەمەنن؛ دەشڵێت، هەر کەس تووشی سکچوون بووبێت، دەبێ خێرا سەردانی نەخۆشخانە بکات، ''بەتایبەتی سکچوونێک کە زۆر شل بێت یان رشانەوەی لەگەڵ بێت.''
ئەگەر سکچوون، رشانەوە، تا و وشکبوونی دەمی لەگەڵدا بێت، مەترسیدارترە، وەک نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی ئاماژەیدا؛ تووشبوو تا ئەو کاتەی دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، دەبێ شلەمەنی وەکو ئاو و ماستاو زۆر بخواتەوە.
نەجمەدین حەسەن هاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە لە مەترسی ئاوی پیس و دەڵێت، ئاوی پیس سەرچاوەیەکی سەرەکیی سکچوون و رشانەوەیە و بە هاونیشتمانیان دەڵێت، "ئاوێک لێی دڵنیا نەبن، بە هیچ شێوەیەک بەکاری نەهێنن".
نوێنەرەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوەش کرد، ئەو سکچوونەی هەیە کۆلێرا نییە، ''بەڵام ئەوە بە مانای ئەوەش نایەت کە لە دەرکەوتنی ئەم نەخۆشییە دوورین؛ بۆیە دەبێ لە کاتی سکچوون پشکنینی پیسایی بۆ تووشبووان بکرێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ