رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی هوداپار دەڵێت، چەکەکانی پەکەکە هۆکارن بۆ یەکدی قبووڵنەکردنی کورد و تورک. ئاماژە بەوەش دەکات، ''پێویستە لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر [گۆڕینی] هەندێک یاسا بکرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە هەمیشەیی بێت.''
ئەمڕۆ شەممە 19-07-2025، سەرکان رامانڵی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئێمەش لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەماندا بۆ پڕۆسەی چارەسەری، ئەنداممان دەبێت.''
سەرکان رامانڵی ئاماژەی بە پڕۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، ''زیاتر لە 40 ساڵە چەک و تێکهەڵچوون بووەتە چارەنووسی ئێمە، دەمانەوێت لەمەودوا ئەمە نەمێنێت، بەڵکو مافی خۆمان لە رێگەی سیاسەت و لە چوارچێوەی هەنگاوێکی سڤیلدا وەربگرین.''
11ـی تەممووز، یەکەم گروپی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەریدا لە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی هوداپار، ''چەکەکانی پەکەکە، ئاستەنگییەکی گەورەن لە بەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد کە خەریکە [ئەو ئاستەنگییەش] ئەمڕۆ نامێنێت.''
سەرکان رامانڵی ئاماژەی بەوە کرد، ''کاتێک پەکەکە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەندامانی چەکەکانیان دەسووتێنن و دەیانەوێت بە شێوەیەکی سڤیل لە چوارچێوەی سیاسەتدا مافی گەل و پارتەکەی خۆیان بپارێزن، پێویستە پەرلەمانیش لەوبارەوە هەنگاو بنێت.''
رۆژی هەینی 18ی تەممووزی 2025 نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان بۆ پڕۆسەی چارەسەری، لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کۆبووەوە. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ''6 پارت کە فراکسیۆنیان لە پەرلەماندا هەیە، ژمارەیەک نوێنەریان لە کۆمیسیۆنەکەدا دەبێت، هەروەها 6 پارتیش وەک ئێمە کە فراکسیۆنیان نییە و ژمارەی پەرلەمانتارانیان کەمترە لە 20 کەس، تێیدا یەک نوێنەریان دەبێت.''
سەرکان رامانڵی ئاماژەی دا، تاوەکو ئێستا نوێنەری هوداپار لە کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دەستنیشان نەکراوە، ''بەڵام ئەمڕۆ لەبارەی ئەرکی کۆمیسیۆن و دیاریکردنی نوێنەرەکەمان کۆدەبینەوە و دواتر بە فەرمی ناوەکەی رادەگەیێنین.''
ئەرکی کۆمیسیۆنەکە کارکردن دەبێت بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گونجاندنەوەی ئەو ئەندامانەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو کۆمەڵگە کە دەچنە نێو پڕۆسەی چەکدانانەوە. هەروەها دروستکردنی میکانیزمی تێکەڵکردنەوە و خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی، یاسایی و راهێنان بۆ ئەو کەسانە.
ئەو پەرلەمانتارەی هوداپار گوتی، ''بە هەزاران کەس لە ئەندامانی پەکەکە لە چیاکانن، لە ئەورووپا یان لە زیندانەکانن، دەبێ لەسەر [گۆڕینی] هەندێک یاسا گفتوگۆ بکرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانەکە هەمیشەیی بێت.''
هێشتا کۆمیسیۆنەکە پێکنەهێنراوە و لەلایەن پارتەکانی بەشدار لە پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. وەک سەرکان رامانڵی دەڵێت، ''بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان 35 ئەندامی دەبێت.''
ئەو پەرلەمانتارەی هوداپار پێشبینی دەکات، هەفتەی داهاتوو سەرجەم پارتەکان ناوی نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەندامبوون لە کۆمیسیۆنەکە رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن و دواتر دەستبەکار بێت.
سەرکان رامانڵی لەبارەی ئەرکەکانی کۆمیۆسیۆنی پەرلەمان بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئەوەشی خستەڕوو، ''بۆ رەخساندنی زەوینەیەکی یاساییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. ئەمڕۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، لە رۆژەڤی کۆمیسیۆنەکەدا نییە.''
ئەو پەرلەمانتارەی هوداپار دووپاتی کردەوە، چەکی پەکەکە ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد و پاساو دەداتە ترسی یەکدی قبووڵنەکردن، ''کاتێک ئەم ئاستەنگە نامێنێت، پێموایە وردە وردە پرسی کوردیش چارەسەر دەبێت.''
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ