رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ لە سلێمانی، راپەڕین، سەیدسادق و چەمچەماڵ بانگهێشتی ئاسایش کراون. نوێنەرێکیان دەڵێت، ئاسایش گوتوویانە نابێت بەبێ مۆڵەت خۆپێشادان بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ لە سنووری شاری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و هەردوو قەزاکانی سەیدسادق و چەمچەماڵ، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەلایەن ئاسایشەوە بانگهێشت کراون، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ مامۆستایەک دەستگیر نەکراوە.
نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئاسایش پێیانگوتین نابێت لێدوانی توند بدەن و خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت بکەن".
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایان کە داوای کرد ناوی نەهێندرێت، بەشێکی مامۆستایان تاوەکو ئێستاش (کاژێر02:15ـی دوای نیوەڕۆ) لە ئاسایشی سلێمانی ماونەتەوە. گوتیشی، "ئەو شوێنانەی بایکۆتی تێدایە و ئاسایش نوێنەرەکانی بانگ نەکردوون لە رۆژانی داهاتوو بانگیان دەکەن".
رووداو لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی قسەیکرد، بەڵام لەمبارەیەوە ئامادەنین زانیاری بخەنەڕوو.
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی لە 13 پەروەردەی سنووری سلێمانی خۆپێشاندانی ناڕەزایی مامۆستایان بەڕێوەبچێت.
زیاتر لە چوار مانگ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی 2023-2024، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە و سبەی 21ـی مانگ وەرزی دووەمی خوێندن تێیاندا دەستپێدەکات.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ