کوردستان
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە سوپاسی حکومەتی ئەو وڵاتەی کرد بۆ کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەڕووی گەشتەکانی "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"دا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆپجو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ قوباد تاڵەبانی "سوپاسی حکومەتی تورکیای کردووە بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" و رایگەیاندووە، "ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەهێزتر دەکات."
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە؛ لەوبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواستووە، پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئاستی بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکەدا بە رێژەیەکی بەرز و بەرچاو بێت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەم هەڵبژاردنە بەتایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گرنگە و ئەنجامەکەی کاریگەریی دەبێت لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
هەر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 21-10-2025 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گەڵ ئانل بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له عێراق کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئاو له‌نێوان توركيا و عێراق دا، هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى نێوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كراون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی تورکیا داكۆكييان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوانیان، به‌تايبه‌تى له بوارى ئابووريدا، كرد؛ لەوباره‌يه‌وه، "هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانيان به هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى بۆ ئابووريى عێراق به‌گشتى له قه‌ڵه‌م دا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ