رووداو دیجیتاڵ
ئەو ژنانەی کە قژی سپییان لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی کەسوکارە ئەنفالبووەکەیان سپی کرد، ئەوانەی تەمەنی گەنجییان بە هیوای بە زیندوویی گەڕانەوەی هاوژین و منداڵ و کەسەکانیان پیر کرد، فرمێسکی بێ هیوایی دەڕێژن؛ لە 37ـەمین ساڵیادی دووری و لەدەستدانیان داواکاریی گەڕانەوەی رووفاتی ئازیزانیان، بووە بە هیوایان.
سارا ئەحمەد لە گەرمیان، لە شاڵاوی ئەنفال تەنیا خۆی و دوو خوشکی رزگاریان بووە، هاوژینەکەشی تاقانەی ئەنفالە، دژواریی چاوەڕوانی و بێکەسی، زەحمەتی و قوورسیی زۆری لە ژیان نیشانداون.
سارا ئەحمەد، رزگاربووی ئەنفال دەڵێت، "ئێمەی کەسوکاری ئەنفال زۆر بێکەسین، کەس نییە نازمان هەڵگرێت، رۆژێک پێش جەژن بوو خەونم بە باوکمەوە بینی، گوتم: بۆ نایەی بۆلامان و ئاگات لێمان نییە بێکەسین؟ گوتی: لە بەغدام، دۆخم زۆر خراپە، لە جێگەیەکم ناتوانم دەربچم. یەک داوام هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەنگم بگاتە کاک مەسعود و بتوانم بیبینم، بۆئەوەی ئەو ئازارەی هەمە بۆی باس بکەم، چونکە ئەو لێم تێدەگات، ئەویش هەمان خەمی ئێمەی هەیە."
دوو خوشکی بانجەباری چەمچەماڵ، نزیکەی 20 ئەندامی خێزانەکەیان ئەنفالە، هەردووکیان تەمەنی جوانی و گەنجییان لە پەروەردەی 10 منداڵ و چاوەڕوانیی گەڕانەوەی هاوژینەکانیان بەسەربردووە، سەیری هەر وێنەیەکی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نووگرە سەلمان دەکەن، برینی خەم و ئازاریان نوێ دەبێتەوە.
خەدیجە عەزیز، کەسوکاری ئەنفال دەڵێت، "ئەو وێنانەی بینیم، جەرگم سووتا و دڵم ژانی کرد، داوا دەکەم رووفاتەکانی بهێننەوە بۆمان." حەنیفە عەزیز، کەسوکاری ئەنفال باسی لەوە کرد، "داواکارین هەموو جاشەکان بخرێنە زیندانەوە، چونکە ئێمە کوشتەی دەستی جاشین و هەقە بخرێنە زیندانەوە."
تاقانەیەکی ئەنفال لە گەرمیان لە خانەوادە 11 کەسییەکەیان تەنیا خۆی لە چنگی تاوانەکانی بەعس رزگاری بووە. سیامەند مەحموود باوکی 6 منداڵە، لە خۆشەویستیی بۆ برا و خوشکە گۆڕ ونەکانی، ناوی لە کوڕ و کچەکانی ناون.
سیامەند مەحموود، تاقانەی ئەنفال دەڵێت، "هیچمان ناوێت، نە پارە و نە سەروەت، تەنیا رووفاتەکان بهێننەوە، هیچی دیکەمان نییە."
لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و گەرمیان خەڵک یادی ئەنفالیان کردەوە، 14ی نیسان هاونیشتمانییان ساتێک بە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی ئەنفال رادەوەستن و لە پەرلەمانی عێراقیش یاد کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ