رووداو دیجیتاڵ
شاندی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە شاری سنە، ئەمڕۆ گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران. پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆدەبنەوە و تاوتوێی پرسە ئابووری و بازرگانییەکان دەکەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە تاران لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری ئێران کۆدەبینەوە".
شاندی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت و چەند بەرپرسێکی دیکە.
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی نێوان پارێزگا هاوسنورییەکان؛ پەرەپێدانی ئابووری، بازرگانی و فەرهەنگی دەکەین".
لە راگەیێندراوێکدا پارێزگای هەولێر رایگەیاند، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، شاندەکە لەگەڵ پارێزگاری تاران و ژووری بازرگانیی تاران کۆدەبنەوە.
20ـی ئایاری 2025، شاندی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی چوونە شاری سنە، دواتر شاندەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە سنەوە بەرەو تاران بەڕێکەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ