رووداو دیجیتاڵ
ریپۆرتەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە تۆمەتباردەکات بەوەی لە کەمپەکاندا سەدان منداڵیان لە دایکەکانیان جیاکردووەتەوە.
فینیۆلا نی ئالن، ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە جنێڤی سویسرا رایگەیاند، بەشێک لەو منداڵانە تەمەنیان 11 ساڵە و بەو بڕوایە جیاکراونەتەوە کە گوایە هەڕەشەی ئەمنییان لێ دەکرێت، بەڵام ئەو مەترسییە "ناسەلمێنرێت."
فینیۆلا نی ئالن کە لە بارەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر"دا راپۆرت بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات، هەفتەی رابردوو سەردانی رۆژئاوای کوردستان و سووریای کردبوو؛ رۆژی هەینی 21-7-2023 نیگەرانیی خۆی لە بارەی ئەو شتە دەربڕی کە بە "دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و هەڕەمەکی" لە کەمپی هۆل و کامپەکانی دیکەدا ناوی برد.
ماوەی چەندین ساڵە، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ داوا لە وڵاتانی بیانی دەکەن، هاووڵاتییەکانیان لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژەوە بگەڕێننەوە.
ئەوانە کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشن و لە دوای بەزاندنی گرووپە پەڕگیرەکە لە ساڵی 2019ەوە لە باغۆز، لە لایەن هەسەدەوە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە دیاریکراوی داوای بردنەوەی منداڵان دەکەن کە بەشدارییان لە هیچ تاوانێکی داعشدا نەبووە.
رێکخراوە پەڕگیرەکە لە گەرمەی شەڕی نێوخۆی سووریا سەریهەڵدا و دواتر بەشێکی گەورەی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵکرد، بەڵام شەڕڤانان، پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، تاوەکو ساڵی 2019، نزیکەی هەموو خاکەکەیان کۆنترۆڵکردەوە.
فینیۆلا نی ئالن دەڵێت، ئەو شارەزایانەی لەگەڵ تیمەکەی کاریان کردووە، لە ساڵی 2019ـەوە، هەژماریان کردووە کە 7 هەزار کەس لە لایەن 36 وڵاتەوە لە کەمپەکانی حەسەکەوە گەڕێنراونەتەوە کە زیاتر لە سێ چارەکیان ژن و منداڵ بوون. بەڵام دەیان هەزاری دیکە لەو ناوەندانەی دەستبەسەرکردندا ماونەتەوە و هیچ ئاماژەیەک نییە لە ماوەیەکی نزیکدا بگەڕێنرێنەوە.
بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی نەوەیەکی نوێی چەکدارانی داعش لە نێو کەمپی هۆلدا، هەسەدە پڕۆگرامی تایبەتی هەیە بۆ شیاندنەوەی منداڵانی کەسوکاری داعش و دوورخستنەوەیان لە هزر و بیری پەڕگیری. بۆ مەبەستی پێدانی ئەو راهێنانە، منداڵان لە خێزانەکانیان دووردەخەنەوە.
هەسەدە پێیوایە، ئەگەر منداڵان لە نێو ئەو کەمپەدا گەورە بن، ئەوا دەکرێت ببنە نەوەیەکی نوێ لە چەکدارانی پەڕگیر.
فینیۆلا نی ئالن بە تووندی رەخنەی لە بەکارهێنانی "زمانی داماڵین لە مرۆڤایەتی" گرت دژی ئەو منداڵانەی داعش کە بە "بەچکە شێرەکانی خەلافەت" ناودەبران.
فینیۆلا نی ئالن گوتی، دۆخی کەمپی هۆل "خراپە"، کە بە گوتەی خۆی لەم کاتەدا شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر لە 49 هەزار کەسە.
ئەو خانمە نیگەرانیشی دەربڕی بەرامبەر بە ئاساییش، چاودێریی تەندروستی و "کەمئاوی" لە نێو کەمپەکان کە پلەی گەرمی تێیاندا دەگاتە 50ی سیلیزی.
ئالن گوتیشی، "کێشەیەکی دیکە کە دەمەوێت تیشکی بخەمەسەر، جیاکردنەوەی سەدان کوڕی هەرزەکارە لە دایکانیان بێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێکی یاسایی هەبێت" و گوتی، "هەر ژنێک کە من قسەم لەگەڵ کردووە، روونیکردوەتەوە کە زۆرترین شت نیگەرانی بن، بردنی منداڵەکانیانە. بردنی ئەم کوڕانە دەکرێت لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا بچێتە خانەی شوێنبزکردنەوە، کە پێچەوانەی چەندین پابەندیی مافەکانی مرۆڤە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ