حیزبەکان دەتوانن بەپێی ژمارەی وێستگە بریکار لە بنکەکانی دەنگدان دابنێن

22-10-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەڵێت، حیزبەکان دەتوانن بەقەد ژمارەی وێستگەکانی هەر بازنەیەک بریکار تۆمار بکەن. ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆیان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن دەربڕیوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد، ئەیاد یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەڕێگەی نزیکترین ناوەندی تۆمار یان لینکێکی تایبەتی کۆمیسیۆن کە بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە، حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن بریکارەکانیان بۆ رۆژی هەڵبژاردن ناونووس بکەن و دەرگەی خۆتۆمارکردن کراوەیە." 
 
ئەحمەد ئەیاد دەڵێت، "هەر حیزبێک لە بازنەی خۆیدا دەتوانێت بەقەد ژمارەی وێستگەکان بریکاری خۆی ناونووس بکات و لەو ژمارەیە زیاتر رێگەی پێنادرێت."
 
لە هەر وێستگەیەکدا هەر حیزب و هاوپەیمانییەک دەتوانێت یەک بریکار دابنێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی وێستگەکان قەرەباڵخ نەبن، چونکە ژمارەیەک چاودێری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش ئامادە دەبن لە وێستگەکاندا، واتە ئەگەر بنکەیەک 5 وێستگەی لێبێت، حیزبێك دەتوانێ 5 بریکار وەکو چاودێر لەو بنکەیە دابنێت.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەژێر چاودێریی رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوەدەچێت؛ بە گوتەی ئەحمەد ئەیاد، ژمارەیەک رێکخراو و لایەنی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆیان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن دەربڕیوە.
 
ئەو دەڵێ: "کۆمیسیۆن ژمارەیەک رێکخراوی نێوخۆیی سەربەخۆی تۆمارکردووە کە ئارەزووی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانیان هەیە، ئەوەش بەپێی مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی چاودێرانی نێوخۆیی، کە پێویستە لایەنەکە بە فەرمی لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان تۆمارکرابێت."
 
لە 09ـی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت و لە 11ـی هەمان مانگیش دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە