رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لە کەرکووک، رایگەیاند پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک فەرمانی دامەزراندنی 800 دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکانی راگرتووە، کە زۆرینەیان کوردن. بە پاساوی ئەوەی سەرژمێریی دانیشتووانی ساڵی 1957یان نییە.
رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لە کەرکووک، لەبارەی کێشەی دامەزراندنی 800 دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکانی کەرکووک کە زۆرینەیان کوردن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ماوەیەکە راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دامەزراندنی 800 دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی گشتی، پزیشکی ددان و دەرمانسازی راگرتووە، پاساوەکەشی ئەوەیە؛ ئەوانە سەرژمێریی دانیشتووانی ساڵی 1957ـیان نییە و دامەزراندن نایانگرێتەوە."
بەگوتەی کاکەڕەش سدیق، زۆربەی ئەوانەی دامەزراندنەکەیان راگیراوە "کوردن". هەروەها گوتی "هەوڵدەدەین لە شوێنی دیکەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە پەیوەندیداین، نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکەن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی."
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، رۆژی سێشەممە، 21-11-2023، نووسراوێکی ئاراستەی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری کردووە و تێیدا دەڵێت: دەمانەوێت رەتکردنەوەی خۆمان بۆ بڕگەی ئەلیف لە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور (کۆبوونەوەی 90) لە رۆژی 16-11-2023 بخەینەڕوو، لەبەر ئەم هۆکارانە:
1- مەرجی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1957 لە پرسەکانی دامەزراندن و بەناوکردنی موڵک بۆ فەرمانبەران لە پارێزگای کەرکووک بڕیارێکە ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووک داویەتی و بڕیارێکی کارپێکراوە و بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەت لەنێویدا ئیدارەی ئێستای پارێزگا کاری پێدەکەن.
2-زیاتر لە 800 دەرچووی کۆلێژەکانی پزیشکی و پزیشکی ددان و دەرمانسازی دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی دیکەش لەوانەی دامەزراندن لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دەیانگرێتەوە و رۆڵەی کەرکووکن، تاوەکو ئێستا راکان جبووری، پارێزگاری ئێستای کەرکووک رەتیدەکاتەوە و نایەوێت هاوشێوەی ئەوانی دیکە دابمەزرێن بە پشتبەستن بە بڕیاری مەرجی هەبوونی سەرژمێریی ساڵی 1957.
عێراق لەنێوان ساڵانی 1927 تاوەکو 1997، هەشت سەرژمێری گشتی کردووە، ئەوانیش لە ساڵانی 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، 1997 کە ئەمەی دوایینیان بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو. لە دوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتە 19 ملیۆن و 184 هەزار و 534 کەس
ساڵی 1957 سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا و لەو ساڵەدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 6 ملیۆن و 536 هەزار و 109 كەس بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ