رووداو - بەغدا
کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو کۆتایی بە قۆناخی سێیەمی سەرژمێری هات، بەڵام هەر کەس و خێزانێک بە هەر هۆکارێک ناویان تۆمار نەکردبێت، دەتوانن تاوەکو 10-12-2024 کاتێک بژمێرەکان سەردانیان دەکەنەوە، ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، "پرۆسەی سەرژمێری بەردەوام دەبێت تاوەکو رۆژی 10-12-2024، نزیکەی 20 رۆژی دیکە ماوە، جارێکی دیکە سەردانی ماڵەکان دەکرێتەوە بۆ تەواوکردنی وەرگرتنی زانیارییەکانی دیکە. ئەگەر کەسێک ناوی تۆمار نەکردبێت دەتوانێت لەکاتی هاتنەوەی تیمەکان ناوی تۆمار بکات."
قۆناخى دواى تۆمارکردنى خێزانەکان، وەرگرتنى وەڵامى 77 پرسیارە لەلایەن بژمێرەکانەوە. ئەو خێزانانەى لەدواى تۆمارکردنى ناویان دەگەڕێنەوە شوێنى نیشتەجێبوونیان لە شارەکانى دیکە، دەتوانرێت زانیارییەکانیان لە رێگەى کەسوکاریانەوە لەو شارەى خۆیان تۆمار کردووە، وەربگیرێت؛ ئەوەش بەو مەرجەى کۆبۆنى خۆراک و کارتى نیشتمانى یان کۆپییەکیان هەبێت، تاوەکو بخرێتە نێو سیستمى ئەلیکترۆنیى سەرژمێرییەوە.
زەید عەلی، بژمێر ئاماژە بەوە دەکات، "بەردەوامین لە تۆمارکردنی خێزانەکان، کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن، سوپاس بۆ خوا هیچ کێشەیەکمان لە هیچ روویەکەوە رووبەڕوو نەبووەتەوە."
سەڵاح جاسم، دانیشتووی گەڕەکی کرێمات دەڵێت، "سەرژمێریی گشتی کارێکی گرنگە، تاوەکو زانیاری لەسەر ژمارەی دانیشتووان هەبێت لە وڵات، چاوەڕوان دەکەین لە داهاتوودا بەکەڵکمان بێت، پێویستە هەموو کەسێک ناوی خۆی تۆمار بکات."
بڕیارە لەنێو ئەم هەفتەیە، ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێریی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان رابگەیێندرێت، ئەنجامی کۆتاییش دەمێنێتەوە بۆ دوای 10-12-2024.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ