رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەڵێت، کۆتاییان بە کۆنگرەی نۆیەمی رێکخراوەکەیان هێناوە و سکرتێر و شەش ئەندامی سکرتارییەتیان هەڵبژاردووە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان شەوی هەینی 22-12-2023 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە چاودێریی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رۆژانی 21 و 22ـی کانوونی دووەمی 2023، بە درووشمی "هێز و توانای ئافرەت بناخەی پێشکەوتنی ئاشتی و ئابوورییە" نۆیەمین کۆنگرەیان بەڕێوەبردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی 142 ئەندام بەڕێوەچووە، ئەندامەکانیش بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی رێکخراوەکە و هەڵبژاردنی کۆنفڕانسە نێوخۆییەکانیان بەشدارییان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای کۆنگرەی یەکێتی ئافرەتاندا راپۆرتی پێنج ساڵی رابردووی نێوان کۆنگرەکانی هەشت و نۆ لەلایەن ڤیان سلێمان، سکرتێری پێشووی رێکخراوەکەوە خوێندراوەتەوە و پاشان چەند لێژنەیەک پێکهێندراون. لە بارەی رۆژی دووەمی کۆنگرەکەوە ئاماژە بەوەکراوە، "سەرلەبەیانی گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی لیژنەکانەوە کرا و رەشنووسی پرۆگرام و پەیڕەوی نێوخۆیی ئامادەکرا کە روانگە، ئامانج، میکانیزمی کار و پەیکەری رێکخراوەیی لەخۆگرتبوو، دوای تێبینییەکانی لیژنە و گفتوگۆی ئەندامان پەسند کرا".
لە دوای نیوەڕۆی رۆژی دووەمی کۆنگرەکەدا هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی سکرتارییەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کراوە؛ لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حەوت کەس وەکو ئەندامی سکرتارییەت و سێ کەسیش وەکو ئەندامی یەدەگی سکرتارییەت هەڵبژێردران، لەنێو حەوت ئەندامەکەدا سکرتێری رێخکراوەکەش هەڵبژێردرا.
لە راگەیێندراوەکەی یەکێتی ئافرەتاندا هاتووە، "ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و سەرکردایەتی پارتیمان و لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەکەدا، گرنگی پێگە و رۆڵی رێکخراوەکانی لای پارتی زیاتر دەرخست؛ ئەمەش ئەرکی رێکخراوەکەمان و دەستەی داهاتووی مەکتەبی سکرتارییەت قورستر دەکات و دەبێت لە ئاستی ئەو متمانە و گرنگی پێدانە بن".
لە کۆنگرەکەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا حەوت ئەندامی سەرەکی بۆ سکرتارییەتی رێکخراوەکە هەڵبژێردران؛ زیبا تەها وەکو سکرتێری رێکخراوەکە هەڵبژێردرا.
ئەوانەی لە کۆنگرەدا هەڵبژێردران دووانیان لە سنووری هەولێر، دووان لە دهۆک، یەک لە سلێمانی، یەک لە کەرکووک و یەکێکیش خەڵکی سنووری شنگالە لە پارێزگای نەینەوا.
ناوی ئەوانەی لە کۆنگرەدا هەڵبژێردران:
- زیبا تهها، لە سنووری هەولێر - سكرتێری یهكێتی ئافرهتانی كوردستان
- شاناز محهممهد، لە سنووری هەولێر - ئەندام
- لیا سەیفەدین، لە سنووری سلێمانی - ئەندام
- زەری نەوزاد، لە سنووری دهۆک - ئەندام
- سوهام سهڵاح، لە سنووری دهۆک - ئەندام
-کەژاڵ هیدایەت، لە سنووری کەرکووک - ئەندام
- دلڤین خهلهف، لە سنووری شنگال - ئەندام
کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023 دەستیپێکرد و رۆژی هەینی لە دووەم رۆژیدا کۆتاییهات.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رێکخراوێکە لە بواری ئافرەتاندا لە هەرێمی کوردستان و مەڵبەندە کوردییەکان لە جیهان کاردەکات. ئەم رێکخراوە لە 11-12-1952 لە شاری سلێمانی دامەزرا، بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی تواناکانی ئافرەتان لە بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پایە رامیاری و کۆمەڵایەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ