رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت. راشیگەیاند، کەسێک وەکو ئەنجامدەری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-06-2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی بازاڕی قەیسەریی شارەکەی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان رایگەیاند، لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە شەو و رۆژ، بە سێ شیفت کارکردن تێیاندا بەردەوامە، ''سەرەڕای ئەوەی کاتی دیاریکراو بۆ پڕۆژەکە یەک ساڵە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانمان لە شەش مانگدا تەواو دەکرێت.''
ئاگرەکە شەوی 5-5-2024 سەریهەڵدا و، بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، 227 دووکان و 7 کۆگەی بازاڕەکە سووتان.
ئومێد خۆشناو گوتی، ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە دوو بەشن؛ بەشێکیان لە قەیسەریی کۆنن و بەشەکەی دیکەش قەیسەریی نوێیە کە لە هەردوو بەشەکان کارەکانی نۆژەنکردنەوە بەردەوامن.
ئومێد خۆشناو لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەوە گوتی ''هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری زانراوە و، لێکۆڵینەوەکان لە کۆتاییدان؛ لەسەر ئەم بابەتە خەڵکی زۆر گیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.''
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ''لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا و لەم چەند رۆژەدا، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و ئەنجامدەری تاوانەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.''
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، ئەنجامدەری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە یەک کەسە: ''بەڵام سەبارەت بە پاڵنەر یان پاڵنەرانی تاوانەکە و هۆکاری ئەنجامدانی، لێکۆڵینەوە دەکرێت.''
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، وەکو گوژمەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە، پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار دیاریکراوە کە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێرە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بەو دووکاندارانە داوە، کە لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
دوای رووداوەکە، چەند بڕیارێک لەلایەن حکومەتەوە لە بەرژەوەندیی دووکانداران دەرکراون، ئەوانەی کرێنشینی حکومەتن بە هەموو دامەزراوەکانییەوە، لێخۆشبوونیان لە پێدانی کرێ بۆ ماوەی ساڵێک بۆ دەردەچێت، پارەی تابلۆ و خاشاک نادەن، لێخۆشبوونی 50٪ـی باجی ساڵی 2023 و 100٪ـی باجی 2024ـیان بۆ دەردەچێت.
ئومێد خۆشناوە لەوبارەوە گوتی ''ژمارەیەکی کەم لە دووکانداران پەیوەندییان پێوە کردووین، داواکارین دووکانداران بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان سەردانمان بکەن، چونکە لە بەرژەوەندیی خۆیانە.''
ئومێد خۆشناو پەیوەست بە هاوکاریکردنی دووکانداران گوتیشی ''رێککەوتن لەگەڵ بانکی جیهان کراوە بۆ ئەوەی بێ سوود قەرز بداتە ئەو کاسبکارانەی دەیانەوێت قەرز وەربگرن، ئەوان دەتوانن سەردانی پارێزگا بکەن بۆ ئەوەی پشتگیرییان پێ بدرێت بۆ وەرگرتنی قەرزەکە.''
بازاڕی قەیسەری بە نزیکەی 4 هەزار دووکان و کۆگە لە جەرگەی شاری هەولێر هەڵکەوتووە؛ بازاڕێکی کۆن و مێژووییە؛ ساڵی 2018ـش ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 110 دووکان سووتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ