رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، وەبەرهێنەری پڕۆژەی دەشتی بەهەشت لە عێراق دەستگیرکراوە. راشیگەیاند، لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی گرێبەستەکانی پڕۆژەکە پێکهێنراوە و هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی چڕکردووەتەوە.
لە ساڵی 2013ـەوە، کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنان بەهۆی مایەپووچبوون و وازهێنانی وەبەرهێنەرەکانیان، هەروەها بەشێکیشیان بەهۆی شەڕی داعشەوە کارکردن تێیاندا راگیرابوو، بەڵام کارکردن لە هەندێکیان دەستیپێکردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "وەبەرهێنەری پڕۆژەی دەشتی بەهەشت لە کارەکەیدا کەمتەرخەم بووە، چەندین سکاڵای لە کوردستان و عێراق لەسەر تۆمار کرابوو، بۆیە نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا لە عێراق دەستگیرکراوە."
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، لیژنەیەکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ پێداچوونەوەی گرێبەستەکانی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت پێکهێنراوە و سەیری هەموو گرێبەستەکان دەکەنەوە؛ ئەوانەی مافیان هەیە قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەو کاتەی کارکردن لە پڕۆژەی دەشتی بەهەشت وەستا، بەشێکی خانوو، شووقە و ڤێلاکان تەواو ببوون و بەشێکیشی هەر دروست نەکرابوون. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، "هەموو هەوڵێک چڕ کراوەتەوە تاوەکوو بە زووترین کات کارکردن لە پڕۆژەکە دەست پێبکاتەوە، ئێستا لە قۆناخی وردبینیی گرێبەستەکاندان."
سەبارەت بە پڕۆژەکانی دیکە، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "لە پارێزگای هەولێر، پڕۆژەکانی وەرین سیتی و فلۆریا سیتی دراونەتە وەبەرهێنەری نوێ و کارکردن تێیاندا بەردەوامە؛ پڕۆژەی کەپتال تاوەریش بەم نزیکانە کاری تێدا دەکرێتەوە."
کۆمەڵێک پڕۆژەش لە هەردوو پارێزگای دهۆک و سلێمانی وەستابوون. بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێت، "هەموو پڕۆژەکانی ئەو دوو پارێزگایەش کارکردن تێیاندا دەستی پێکردووەتەوە؛ لە دهۆک پڕۆژەکانی ئارام سیتی، هێژا سیتی و دهۆک سیتی کارکردن تێیاندا دەستی پێکردووەتەوە و لە پارێزگای سلێمانیش بە هەمانشێوە."
پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر و لە 427 ڤێلا و 1122 شووقە پێک دێت. گوژمەی پڕۆژەکە 200 ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵی 2010 مۆڵەتی پێدرا و دەبوو لە ساڵی 2013 تەواو بکرایە، بەڵام وەبەرهێنەرەکەی، کە خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی عادل موتەحیدە بوو، کارەکەی تەواو نەکرد و جێیهێشت.
بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ رووداو، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا مۆڵەت بە جێبەجێکردنی 553 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 18 ملیار دۆلار دراوە، کە زۆرینەی وەبەرهێنەران خۆماڵین.
بەپێی داتاکان، لە 01-08-2006ـەوە تاوەکوو 22-05-2025، لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە 1396 پڕۆژە بە سەرمایەی 73 ملیار و 55 ملیۆن و 973 هەزار و 365 دۆلار لەسەر رووبەری 87 هەزار و 55 دۆنم زەوی دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ