ئاسایشی سلێمانی: 17 تیرۆریستمان دەستگیرکرد کە پلانیان دانابوو چەند ئەفسەر و مامۆستایەکی ئایینی تیرۆر بکەن

23-08-2022
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
 دەستگیرکردنی چەند "تیرۆریستێک" لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە. وێنە: ئاسایشی سلێمانی
دەستگیرکردنی چەند "تیرۆریستێک" لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە. وێنە: ئاسایشی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیێنێت، 17 ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە کە "تیرۆریستی شانەی نەنوستوو"ـی رێکخراوەکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رۆژی سێشەممە، 23-8-2022 رایگەیاند، تۆمەتبار و ئەندامەکان لە سلێمانی، چەمچەماڵ، تەکیە و باریکە دەستگیرکراون. دەشڵێت، مەفرەزەی یەکەمی دەستگیراوەکان "پلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێکی باڵا لە ھێزی پێشمەرگە و چەند مامۆستایەکی دیاریی ئایینی تیرۆر بکەن."
 
ئاسایشی سلێمانی باس لە دەستگیرکردنی حەوت لە تۆمەتبارەکان دەکات و دەڵێت، "حەوت لەو تیرۆریستانە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە ژێر کاریگەریی فیکری تووندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوکردنەوەی کار و چالاکییەکانی تیرۆریستان دەکەن. دوای خۆڕێکخستنیان، سەرەتا پلان دادەنێن بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز، عەمید سەردار، موقەدەم رزگار حەمەساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەکی حیزبی."
 
بە گوێرەی بەڵگەکانی ئاسایشی سلێمانی کە دەڵێن، "دروست و سەلمێندراوە" تۆمەتبارەکان "پلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێکردنی تیرۆرکردنی ژمارەیەک مامۆستا و زانای ئایینی کە داعش تەکفیریان کردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش کە بەشداربوون لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تاوەکو ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە."
 
بەشێک لەوانەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە رووداوی تەقەکردنەکەی نێو بازاڕی شاری سلێمانی هەیە لە ئێوارەی رۆژی 14ـی ئابی 2022 کە گەنجێک بەناوی "ئەحمەد شەوکەت" لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشدا بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی 14ـی ئاب لە سلێمانی چی روویدا؟ 
 
لەبارەی رووداوەکانی 14ـی ئابەوە، ئاسایش لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: لەنێو بازاڕی سلێمانی لە ئەسحابەسپی تۆمەتبار "ئاکام بەھادین" بە ئاکام کوردی لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە کە پلانی "تیرۆرکردنی" مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن، نێو بازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشاندەکەن بۆ وەرگرتنی پارە و چەک و ئەنجامدانی چالاکییەک تاوەکو بەھۆی قەرەباڵخییەوە بتوان "مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن و ھەڵبێن." 
 
ئاسایش باس لە کاتی هەوڵدانی تۆمەتبارەکان دەکات بۆ وەرگرتنی چەک و پارە و جووڵەکردنی هێزەکانیان و دەڵێت، "تیرۆریستان رووبەڕووی ھێزەکانمان دەبنەوە و تەقەکردن روودەدات و 'ئاکام بەھادین' و تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیردەکرێن و ژمارەیەک تیرۆریستی دیکەش ھەڵدێن کە بەداخەوە بەھۆی ئەم رووداوەوە ھاووڵاتی ئەحمەد شەوکەت شەھید بوو." 
 
ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، بەگوتەی ئاسایش بەمجۆرەیە: 
 
- محەممەد ئیبراھیم، ناسراو بە ئەبو جولەیبیب شەوی 16ـی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا. 
 
- رێبین سادق، شەوی 16ـی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا. 
 
- فریشتە حاتەم، رەگەزی مێ شەوی 18/19ـی ئابی 2022 لە باریکە دەستگیرکرا. 
 
- شیفا محەممەد، ناسراو بەجیھاد کوردی رەگەز مێ شەوی 18/19ـی ئابی 2022 لە باریکە دەستگیرکرا. 
 
- شادمان مەحموود، شەوی 19/20ـی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا. 
 
- رێبەر ئەحمەد، ناسراو بە ئەبو دوگمە شەوی  19/20ـی ئابی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا. 
 
ئاسایشی سلێمانی: مەفرەزەی دووەم گرووپی لە چەمچەماڵ و تەکیە دەستگیرکراون 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، جووڵەی مەفرەزەیەکی دیکەیان لە تەکیە و چەمچەماڵ خستووەتە ژێر چاودێرییەوە کە "پەیوەندیان لەگەڵ گرووپەکەی سلێمانیدا ھەبوو و وەک شانەی نەنووستووی داعش لە چالاکیدابوون."
 
شەوی 17 لەسەر 18ـی ئاب، لە کاتێکدا تۆمەتبارەکان هەوڵیان دەدا بچنە نێو داعشەوە پێنج ئەندامیان دەستگیرکراون کە دانیشتووی ناحیەی تەکیەن، وەک ئاسایشی سلێمانی دەڵێت. 
 
تۆمەتبارەکان "دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە،" ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکان سێ جار ھەستاون "بە تێکدان و شکاندنی کێلی مەرقەد و پیاوچاکانی شێخانی کانی چنار لە گوندی کانی چنار و دارئەسحابە و پەیکەری عەبدولڕەحمان پاشای بابان-یشیان لە دەربەندی بازیان سوتاندووە، لە چەندین شوێن و جێگەی جیاوازیش درووشمی تیرۆریستانی داعشیان نووسیووە و ئاڵای تیرۆریستانیان ھەڵکردوە و دووجاریش ئاڵای کوردستانیان لە دەربەندی بازیان شێواندوە و لە ھەوڵی بەدەستخستنی چەکیشدا بوون تاوەکو چەند کردەیەک ئەنجام بدەن." 
 
ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، بەگوتەی ئاسایش بەمجۆرەیە: 
 
- زێوەر زاھیر 
 
- بێستون حەکیم، ناسراو بە سەلاحەدین بن عەبدولعەزیز 
 
- ئەیوب کەمال 
 
- بڕوا عەدنان، ناسراو بە مەروان کوردی 
 
- بەڵێن سەباح، ناسراو عوبەیدە کوردی 
 
- محەممەد جومعە
 
ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، شەوی 22ـی ئابی 2022، لە چەمچەماڵ و تەکیە ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە دەستگیرکراون کە "پەیوەندیی راستەوخۆ"یان بەو گرووپەوە هەبووە. ئێستا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسییەکان دەکەن و لە ماوەی داهاتوودا زانیاریی زیاتر ئاشکرا دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە