هەشت کۆمپانیای نەوت: لەگەڵ هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتین

24-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەشت کۆمپانیای نەوتی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و زیاتر لە 90٪ـی نەوتی هەرێمی کوردستان دەردەهێنن رایانگەیاند: "دڵخۆشین کە رایدەگەیێنین لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی بنەڕەتیی کاتی، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا."
 
کۆمپانیاکان ستایشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووسینگەکەیان کرد و گوتیان: "پابەندبوونی ئەوان بنەمای گەیشتن بوو بەم قۆناخە گرنگە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا واژۆ لەسەر رێککەوتنە کاتییەکان بکرێت."
 
کۆمپانیاکان هەروەها سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و رایانگەیاند: "پشتیوانییە نەگۆڕەکەی لەم بڕیارە و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ پێشخستنی چارەسەرێکی گونجاو لە بەرژەوەندیی عێراق، هەرێمی کوردستان و بازاڕەکانی وزەی جیهاندایە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی هەشت کۆمپانیاکە، پاش واژۆکردنی رێککەوتنەکە، هەناردەی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە و رێگە بۆ رێککەوتنە درێژخایەنەکان خۆشدەکات.
 
کۆمپانیاکان رایانگەیاند، رێککەوتنەکە رێز لەو رێککەوتنانە دەگرێت کە هێشتا لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکاندا هەیە و "دڵنیایی پارەدان دەدات."
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت رێککەوتن کە لە ماوەی 30 رۆژی دوای دەستپێکردنەوەی هەناردە، لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کۆببنەوە.
 
رەسڵ فریمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای HKN، رایگەیاند: "متمانە بەخۆ و گەشبینین کە چارەسەرێک بۆ هەردوولا دۆزراوەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان بەم زووانە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و گوتی، تەواوی پابەندییەکانی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت جێبەجێکردووە، "تەنیا یەک کۆمپانیای بیانی ماوە رێککەوتنە سێقۆڵییەکە واژۆ بکات."
 
بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، واژۆ بە سەرجەم کۆمپانیاکانی نێوخۆ و بیانی کراوە، "جگە لە یەک کۆمپانیای بیانی تاوەكو ئێستا ئەو رێککەوتنەی واژۆ نەکردووە کە کاریگەریی نییە لەسەر رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان وەزارەتمان، کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، وەڵامی رەزامەندییەکانی وەزارەتەکەیان و کۆمپانیاکان لە 23ی ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی ناردووەتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بۆیە چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بو واژۆکردنی رێککەوتنەکە وەڵامیان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات و بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2023ـەوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس، بڕیاریدا کە تورکیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە بەهۆی رێگەدان بە هەناردەی "نایاسایی" نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە