رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لە 24 کاژێردا حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی لە سلێمانی هەبووە. لەبارەی هۆکارەکەیەوە بە رووداوی گوت، لە دابەشکردنی کارەبای شارەکاندا پشکی کارەبای پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین 33.5%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دانراوە.
ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەم رۆژانەدا دۆخی کارەبای نیشتمانی زۆر خراپ بووە. لە 24 کاژێری رابردوودا لە نێو شاری سلێمانی کەمتر لە حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە و دۆخی کارەبا لە هەموو پارێزگاکەشدا لە دۆخێکی خراپدایە".
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، "کەمکردنەوەی بڕە مێگاواتی دابەشکراوی شارەکان، چاوەڕواننەکراوانە ئاستی هەبوونی کارەبای گەیاندووەتە کەمترین ئاست. ئەم دۆخە پێویستی بە بڕیاری خێرا و چارەسەرکردنی بنەڕەتیانە هەیە، چونکە جگە لەوەی ناتوانرێت خواست و پێداویستیی هاووڵاتییان دابین بکات، لە هەمان کاتیشدا زیانی گەورە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پیشەسازیی خۆماڵی و جووڵەی بازرگانیش دەگەیەنێت".
لەبارەی پشکی کارەبای پارێزگای سلێمانییەوە، ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023 هەڤاڵ ئەبوبەکر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشکی کارەبای پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین 33.5%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانە".
هەر ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی پڕۆسەی چاکسازی لە هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات، 300 مێگاوات کارەبا لە رۆژی 15ـی ئەم مانگەوە کەم بووەتەوە؛ تا كۆتایی مانگ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و وێستگەکە دەکەوێتەوە کار و پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاکسازییەکە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە و ماوەی چەند رۆژێکە پێدانی کارەبا کەم بووەتەوە".
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ کەمتر لە 10 کاژێر دادەبەزن؛ ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ