بەهۆی پیسبوونی هەواوە سبەی لە قوتابخانەکانی ورمێ پشووە

24-11-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەوای بەشێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پیسە، بەو هۆیەوە سبەی لە قوتابخانەکان و زانکۆکانی 11 شاری پارێزگاکە کرایە پشوو.
 
رۆژی دووشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2025، بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای ورمێ بڵاویکردەوە، بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە سەرجەم قوتابخانەکانی 11 شاری پاریزگاکە سبەی سێشەممە پشوو دەبێت.
 
بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای ورمێ دەڵێت؛ دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت و بانکەکانی ئەو 11 شارە لە کاژێر 9ی بەیانی بۆ 14ی نیوەڕۆ دەبێت.
 
بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد، کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاسفاڵت، ئیزوگام، گەچ و ئاهەک و کانگاکان لە شارەکانی ورمێ و مهاباد تاوەکو ئاگادارکردنەوەیان بە داخراوی دەمێننەوە.
 
بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە: "هەوای بەشێک لە شارەکانی پارێزگاکە بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە لە ئاستی هۆشداریدایە و هەربۆیە بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە."
 
لە 8 پارێزگای ئێرانیش بەهۆی پیسبوونی هەواوە هۆشداری دراوە و لە قوتابخانەکانی پارێزگاکانی تاران، یەزد، تەورێز، قەزوین، کرمان، ئەلبورز و سیستان وبەلووچستان پشووە.
 
ناوەندی پێشبینیی کەشوهەوای ئێران دەڵێت، "پیسیی هەوا تاوەکو سێشەممە بەردەوام دەبێ و فەرمانگەکانی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە."
 
پیسبوونی هەوا لە رۆژی شەممە، 22-11-2025 دەستیپێکرد و بەو هۆیەوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵات کرایە پشوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە