شارەزایەکی کەشوهەوا: زیاتر لە 400 هەزار تۆن خۆڵ لە هەرێمی کوردستان باریوە

25-04-2025
پەیمان محەممەد
هەولێر لەکاتی خۆڵباریندا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
هەولێر لەکاتی خۆڵباریندا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو رۆژە خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ شارەزایەکی کەشوهەوا دەڵێت، تەنیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 هەزار تۆن خۆڵ باریوە.
 
رۆژی هەینی 25-04-2025، د. لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵ و شارەزا لە کەشوهەوا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی خۆڵبارینی دوو رۆژی رابردوو رایگەیاند، ''زیانی راستەوخۆ بە تەندروستیی مرۆڤ، ئاژەڵ و رووەکەکان دەگەیێنێت.''
 
لوقمان موفتی رەتیکردەوە خۆڵبارین هیچ سوودێکی بۆ لەنێوبردنی بەکتریا و ڤایرۆسی نێو هەوا هەبێت و دەڵێت، ''ئەم دەنگۆیە هیچ بنەمایەکی نییە.''
 
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا پێشنیاز دەکات لەدوای تەواوبوونی خۆڵبارینەکە، ئەو ئۆتۆمبێل و موەلیدانەی کە فلتەری هەوایان هەیە، بە باشی پاکبکرێنەوە، ''لەبەر ئەوەی تۆز و خۆڵی زۆر، کاریگەری لەسەر فلتەر و مەکینەکان دادەنێت.''
 
''خۆڵبارین دەبێتە پەیین و ئاسن بۆ دارستانە چڕەکان''
 
بەگوتەی لوقمان لوتفی، خۆڵبارین سەرەڕای مەترسیداربوونی، سوودی راستەوخۆ و ناڕستەوخۆی بۆ دەریا و دارستانەکان هەیە؛ ''ساڵانە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 200 ملیار تۆن خۆڵ لە بیابانەکانی باکووری ئەفریقیاوە بەرەو ئەمریکای لاتین، دارستانە چڕەکانی ئەمازۆن و زەریای ئەتڵەس بچێت، ئەو خۆڵە بۆ دارستانەکان وەکو توخمی فسفۆر و پەین دەچێت، هەروەها توخمی ئاسن زۆر گرنگە بۆ ئەو وردە رووەکانەی لە زەریادا تەواوکەری زنجیرەی خۆراکن.''
 
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا ئاماژەی بەوەشکرد، تۆز و خۆڵ وەکو یەکێک لە پێداویستییەکان بۆ ''هەوێنی باران'' گرنگە و ''لە زۆر لە ناوچەکانی جیهاندا کە هەوا پاکە (ساف)، باران نابارێت.''
 
وەک لوقمان موفتی گوتی، ''ئەو خۆڵبارینەی ئەم جارە روویدا، سەرچاوەکەی نزیکە لە خۆمان، واتا ئەو بیابانەی نێوان رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریایە.''
 
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکیی خۆڵبارینەکە بۆ وشکەساڵی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ''هۆکارێکی دیکەیشی هەیە، ئەویش جووڵەیەکی زۆری سەربازییە لە رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریا؛ جووڵەی زۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆز و خۆڵبارین.''
 
''تەنیا لە هەرێمی کوردستان 400 هەزار تۆن خۆڵ دەبارێت''
 
رووبەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 40 هەزار کیلۆمەتر دووجایە. ئەو شارەزایە گوتی، ''ئەگەر تائێستا لە یەک مەتر دووجا تەنیا 10 گرام خۆڵبارین هەبووبێت، ئەوە زیاتر لە 400 هەزار تۆن خۆڵ باریوە.''
 
بەگوتەی لوقمان موفتی، جیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ساڵانە بەشێکی زۆری تۆز و خۆڵ لە توونس و لیبیاوە، روو لە وڵاتانی ئەورووپی دەکات. 
 
''رەشەبای خوێ لە خۆڵبارین مەترسیدارترە''
 
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا باسی لە مەترسییەکانی ''رەشەبای خوێ'' کرد کە لە دەریا و دەریاچە وشکبووەکان بەرزدەبێتەوە؛ ''ئەو بابەتە زۆر مەترسیدارترە لە خۆڵبارین کە زیانێکی زیاتر بە تەندروستیی مرۆڤ و رووەکەکان دەگەیێنێت.''
 
یەکێک لە دەریاچەکان کە بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر لە خوێ ئاوەکەی سوێرە، دەریاچەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە چەند ساڵێکە مەترسیی وشکبوونی لەسەرە. لوقمان موفتی گوتی، ''ئێستا ئێمە لەوە دەترسین دەریاچەکە وشک بێت، چونکە ئەوکات نزیکەی 10 ملیار تۆن خوێ جێدەمێنێت.''
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشوهەوا، لە دوو رۆژی داهاتوودا، بەهۆی گۆڕانی ئاراستەی با، خۆڵبارین کەم دەبێتەوە، ''هەرچەند ئێستا بایەکە وەستاوە، بەڵام نیشتنەوەی تۆز و خۆڵی نێو هەوا پێویستی بە کاتە.''
 

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.