رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکى کەرکووک بەتۆمەتى بەهەدەردانى دوو ملیار دینار، ئەفسەرێکى پۆلیسى شارەکەی بە 15 ساڵ بەندکردن سزا دا. گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "ئەفسەرەکە کوردە و هەڵاتووە و کێشەکە لەسەر وەرگرتنى پێداویستیەکان بووە، پارەکە نەبراوە، بەڵکو دۆسیەکەى بەهەدەردانە."
رۆژی 25ـى ئابى 2023، لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، دادگەى تاوانەکانی کەرکووک، ئەفسەرێکى پۆلیسی ئەو شارەى بە نائامادەبوو بە 15 ساڵ بەندکردن سزا داوە، بەتۆمەتى ئەوەى دوو ملیار و 48 ملیۆن و 350 هەزار دینارى بردووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو بڕە پارەیە لە پارەى تەرخانکراو بۆ کڕینى جلوبەرگى سەربازى براوە، ئەوە جگە لەوەى سەرپێچى کردووە لە جەردى ئەو جلوبەرگانە لە کۆگاکردنیدا.
رۆژی 25ـى ئابى 2023، عامر شوانى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو ئەفسەرە کوردە، رووداوەکەش دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانى 2016 و 2017 و ئێستا ئەفسەرەکە هەڵاتووە".
عامر شوانى گوتی، "ئەو بڕە پارەیە نەبراوە، بەڵکو کێشە لە مامەڵەى فەرمیى وەرگرتن و تۆمارکردنى کەلوپەلەکاندایە لە کۆگاکردنیدا، دوو کەسی دیکەش لەو دۆسیەیە تۆمەتبارکران، بەڵام بەهۆى ئەوەى کە بەڵگەنامەکانیان پێشکێشکرد، ئازاد کران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ