رووداو دیجیتاڵ
بەرەی تورکمانیی عێراق گومان دەکات " دەستی سێیەم" لەپشت رووداوەکانی پردێ هەبێ بۆ تێکدانی رەوشەکە و دەڵێ رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە .
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "هەموو لایەک دەزانن ئەم رووداوە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بووە، تێیدا رکابەری لەنێوان کاندید و لایەنەکاندا شتێکی ئاساییە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی جەختی لە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان کورد و تورکمان لە پردێ کردەوە و دەڵێ: "کورد و تورکمان لە دێر زەمانەوە لەم شارۆچکەیەدا پەیوەندیی برایەتی، دۆستایەتی و خزمایەتیی بەهێزیان هەیە، خەڵکی ئەو شارۆچکە هیچ گرفتێکیان نییە و خوێنیان تێکەڵ بووە."
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد: "رووداوی هاوشێوە لە مێژووی شارۆچکەکەدا رووی نەداوە، گومان دەکات "دەستێکی دەرەکی" لەپشت ئاڵۆزییەکانەوە بێت، لەمبارەیەوە دەڵێ: "دیارە لایەنی سێیەم دەیەوێت سوود لەم گرژییە وەربگرێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی، بەپێی زانیارییەکان، کەسانێک لە دەرەوەی شارۆچکەکەوە هاتوون بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان زیاتر بکەن، ئەمانە خەڵکی رەسەنی شارۆچکەکە نین."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ئایدن مەعرووف رایگەیاند: "بەرەی تورکمانی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، چ لەسەر ئاستی کەرکووک، چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق. دوای رووداوەکەش، بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەوە توانرا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت و ئاسایی بکرێتەوە."
لە بەرامبەردا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی رەخنەی لە ئیدارەی ئێستای کەرکووک گرت و رایگەیاند: "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک ناکەین، چونکە بەبێ راوێژ بە ئێمە و پێکهاتەی تورکمان پێکهێنراوە، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگامان بایکۆت کردووە و ئەو ئیدارەیە بە قبوڵکراو نازانین."
بەرپرسەکەی بەرەی تورکمانی دڵنیایی دەدات لە دۆخی پردێ و دەڵێ "تەواو ئارام و ئاساییە" و کێشەکان چارەسەر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ