رووداو دیجیتاڵ
لە پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، باوکێک بە چەقۆ کچەکەی خۆی کوشت، باوکەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
رووداوەکە، ئێوارەی رۆژی شەممە 25-01-2025 روویداوە.
جەوەر عەبدوڵڵایی، خەڵکی گوندی ماشکانی سەر بە پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە چەقۆ لە کچە 17 ساڵانەکەی داوە، کە ناوی کانی عەبدوڵڵاییە و بە سەختی برینداری کردووە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی ماشکان بە رووداوی راگەیاند ''کاتێک جەوەر زانیویەتی کچەکەی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کەسێکدا هەیە، هەر لە ماڵەوە بە چەقۆ لێیداوە و برینداری کردووە.''
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بکوژ دوو چەقۆی لە کانی داوە، دواتر بانگی هاوژینەکەی (دایکی کانی) کردووە کە بەهانایەوە بچن و بیگەیێننە نەخۆشخانە، ''بەڵام بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەکەی، بەر لە گەیشتن بە نەخۆشخانە، لە سێڕییانی خاڵدار گیانی لەدەستداوە.''
بەپێی زانیارییەکان دوای کاژێرێک لە رووداوەکەوە، جەوەر عەبدوڵڵایی لەلایەن پۆلیسی پیرانشار دەستگیرکراوە و تەرمی کچەکەشی رەوانەی دادپزیشکی کراوە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-06-2024 لانیکەم 35 ژن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە پاساوی جۆراوجۆر لەلایەن باوک، برا، مام و کەسوکاریانەوە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ