رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کاروباری تەکنیکیی دەستەی ژینگە دەڵێت، لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، بەراز زیانی بە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و باخەکان گەیاندووە. پۆلیسی دارستانیش دەڵێت، رێکاریان هەیە.
رۆژی دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، ئازاد نووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەشتی هەریر لە پارێزگای هەولێر، سنووری پێنجوێن و پشدەر لە پارێزگای سلێمانی بەراز زۆر بووە کە زیان بە بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیاران دەگەیێنن، بە جۆرێک لە رەگەوە بەرهەم دەخۆن. بەشێکی جووتیاران رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن بە زیانگەیاندن بە بەرهەمەکەیان."
رەسووڵ قادر ئەمین، جووتیار لە دەڤەری شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "گیرمان خواردووە بەدەست بەرازەوە؛ ئەو بەرھەمانەی دەیانچێنین زەرەریان لێ دەکەین و ھیچمان بۆ ناھێڵنەوە؛ ھەموو شارباژێڕ ئەو کێشەیەی ھەیە و ھەمووشمان بژێویی ژیانمان لەسەر کشتوکاڵە، بەڵام لە زەرەر و زیان زیاتر ھیچ سوودێکی لێ نابینین."
بە گوتەی رەسووڵ قادر، بەرازەکان ھەنجیر، شووتی، کاڵەک، توو، تەنانەت گەنم و جۆش لەنێودەبەن و داوا لە حکومەت دەکات چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە و دەڵێت: "راوکردنیشیان قەدەخەیە و دووچاری سزای پێبژاردن دەبین."
هەر لەو بارەیەوە، فوئاد ئەحمەد، بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەپێی یاسا و رێنماییەکانی ژینگە، هەر ئاژەڵێک بووەهۆی لەنێوچوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، لیژنەی تایبەتی لە پۆلیس، فەرمانگەی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەسەر پێکدێت و بە شێوازێکی تایبەت لەناوی دەبەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ