رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی کلدانیی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ خێزانێکی کریستیان نەگەڕاوەتەوە شارەکانی عێراق و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ "ناسەقامگیریی ئەمنی و نەبوونی هەلی کار". مەتران بەشار وەردە ئاماژە بەوە دەکات "لە عێراق هیچ یاسایەک نییە موڵک و وەقفی کەنیسەکان و کریستیانەکان بپارێزێت، بۆیە وەک مافێکی دەستووری داوای پاراستنی دەکەین".
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 26/5/2025، کۆنفرانسی کارگێڕیی ئەوقافی کەنیسەکان لە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر دەست پێبکات. کۆنفرانسەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکەمدا بەشداری بکات و گوتارێکیش پێشکێش بکات.
نێوەڕۆکی کۆنفرانسەکە لەسەر بەڕێوەبردنی موڵک و ماڵی سەر بە کەنیسەکانە و تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت چۆن ئەو موڵک و ماڵانە بپارێزرێن.
لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەسەر داواکارییەکی کریستیانەکان دەکرێت کە تایبەتە بە دانانی یاسایەکی تایبەت بە ئەوقافی مەسیحی؛ هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت چۆن گونجاندنێک لەنێوان یاسای باری شارستانیی عێراقی و یاسای کەنیسەدا بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 26/5/2025 مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی کلدانیی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بە رووداوی گوت: "بەڕێوەبردنی ئەوقافی کریستیانەکان داواکارییەکی دەستووری عێراقە و لە مادەی 43دا روونکراوەتەوە کە هەموو ئایین و مەزهەبێک ئازادە لە بەڕێوەبردنی". بە بڕوای مەتران بەشار وەردە، گرنگیی دەرکردنی ئەو یاسایە لەوەدایە "سەرەتا موڵکی کەنیسەکان و دواتریش هەموو کریستیانەکان دەپارێزرێت".
سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی کلدانیی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە عێراق یاسایەک نییە وەقفی کەنیسەکان و موڵکی کریستیانەکان بپارێزێت، پێشی وایە بە نەبوونی یاسایەکی لەم شێوەیە "تێکەڵەیەک لە چەمکەکان دروست دەبێت و رەنگە یاساکانی دیکە خراپ بەکاربهێندرێن یان موڵکی کریستیانەکان بەهۆی کۆچ و راگواستنەوە داگیربکرێن و بفرۆشرێنەوە، بۆیە ئەگەر یاسایەک هەبێت سامانی کەنیسە و کریستیانەکان پارێزراو دەبێت و موڵكەکە دەچەسپێت".
هەرچەندە هیچ ژمارەیەکی دیاریکراو نییە لەو موڵکە دەستبەسەرداگیراوانەی کەنیسە و کریستیانەکان، بەڵام کریستیانەکان مەزەندە دەکەن لەنێوان 10 هەزار بۆ 18 هەزار موڵک، لە زەویی کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون و خانوو و باڵەخانەیان دەستی بەسەردا گیرابێت. بەگوتەی مەتران بەشار وەردە، موڵکی کریستیانەکان لە 2012ـەوە بەهۆی ناسەقامگیرییەوە رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و تەنانەت دەسەڵاتی بەعسیش بەشێکی موڵکی کریستیانەکانی داگیرکرد؛ پێیوایە نەبوونی یاسایەکی تایبەت رێگەی خۆشکردووە بۆئەوەی هەندێک لە گرووپەکان دەست بەسەر موڵکەکانی کریستیانەکاندا بگرن، بۆیە ئەوان بە گرنگی دەزانن "یاسای پاراستنی موڵک و وەقفەکانی کریستیانەکان دەربچێت".
کریستیانەکانی عێراق لەو پێکهاتانەن کە باجی گەورەی ململانێی مەزهەبی و ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتەیان داوە، ژمارەی کریستیانەکان لە عێراقدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا. پێش هێرشی ئەمریکا لە ساڵی 2003، مەزەندە دەکرا نزیکەی 1.5 ملیۆن کریستیان لە عێراقدا هەبن، بەڵام بەهۆی شەڕی تایفی و هێرشەکانی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانەکان وڵاتیان جێهێشتووە. بەگوتەی مەتران بەشار وەردە، ئێستا کەمتر لە 250 هەزار کریستیان لە عێراق ماون و دەڵێت: "گوشاری کۆمەڵایەتی لەسەر پێکهاتەکانی عێراق هێشتا ماوە، لەنێویدا هەلی کار، پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری"، بەڵام لە باسی هەرێمی کوردستاندا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریدا دەژین".
دوای شەڕی داعش، زۆرینەی کریستیانەکان عێراقیان بەرەو هەرێمی کوردستان و وڵاتان جێهێشت. هەرچەندە داعش نەماوە و شارەکانی عێراق سەقامگیرن، بەڵام سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی کلدانیی هەولێر دەڵێت: "هیچ خێزانێکی کریستیان نەگەڕاوەتەوە شارەکانی عێراق؛ هەرچەندە دۆخی ئەمنی باشترە، بەڵام هێشتا بۆ کریستیانەکان جێگەی دڵەڕاوکێیە، هەروەها دەرفەتی کار وەکو پێویست نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ