لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: یاسای نەوت و گاز بەبێ هەرێمی کوردستان نانووسرێتەوە

26-08-2023
پەیمان محەممەد
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەبێ یاسای نەوت و گاز بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو حکومەت بنووسرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەمواری یاسای قەدەخەکردنی لەشفرۆشی بەبێ دژایەتی تێدەپەڕێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.''
 
رۆژی شەممە 26-08-2023، رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین و ئارێز خالید پێشکێشیانکرد، رایگەیاند، ژمارەیەک پڕۆژەیاسا لە پەرلەمانی عێراق مشتومڕیان ناوەتەوە و گفتوگۆ لەسەریان بەردەوامە.
 
''سوننەکان پێداگرن لەسەر هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی'' 
 
یاسای لێبووردنی گشتی گەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام هێشتا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکراوە و یەکێک لەو یاسایانەیە کە پێشتر لەنێوان لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق رێککەوتنی لەسەر کراوە. رێبوار هادی لەوبارەوە دەڵێت، "هەندێک لە فراکسیۆنە سوننەکان بەو یاسایە رازی نین، چونکە پڕۆژەیاسایەکە بە شێوەیەک هاتووە تەنیا یەک مادەی یاسای لێبووردنی گشتی هەموار کردووەتەوە و خوازیاری هەمواری زیاترن."
 
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی تەنیا باس لەوە دەکات کە جارێکی دیکە پێناسە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکرێتەوە، "بەڵام ئەوان [سوننەکان] چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد، لێبووردەییەکە زۆربەی ئەو خەڵکە بگرێتەوە کە ئێستا لە زیندانن و پێیانوایە کە زۆربەی ئەو کەسانەی لە شەڕی داعشدا دەستگیرکراون، دادگەکان زۆر بە وردی بڕیاریان لەسەر نەداون و پێویستە دادگەیی بکرێنەوە.''
 
''هەمواری یاسای قەدەخەکردنی لەشفرۆشی تێدەپەڕێت''
 
رۆژی 15ـی ئابى 2023، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەموارى یاساى قەدەخەکردنی لەشفرۆشى کرد، کە لە ساڵى 1988 دەرکراوە، بەگوێرەى هەموارەکە ناوى یاساکە دەگۆڕدرێت و "لادانى سێکسی" بۆ زیاد دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ هاوڕەگەزخوازى و پێناسەى ئەو دەستەواژەیە لە یاساکەدا کراوە.
 
بەگوێرەى هەموارى یاسای قەدەخەکردنی لەشفرۆشی، هەر کەسێک پەیوەندى دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى "لادانى سێکسى" سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی و لەسێدارەدان دەبێت. هەر پیاوێکیش ژنەکەى لەگەڵ پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بەمەبەستى سێکسی، سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە.
 
رێبوار هادی لەوبارەوە گوتی، هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان زیادکردنی ئەم بابەتە بە پێویست نازانن، ''بەڵام پێموایە ئەو هەموارە بەو شێوەیەی کە لە رەشنووسەکەدا هاتووە، یان بە شێوەیەکی جیاوازتر، تێدەپەڕێت و دەنگی لەسەر دەدرێت." 
 
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، هیچ لایەنێکی سیاسی لە پەرلەمان ناتوانێت بە ئاشکرا دژایەتی هەمواری یاسای قەدەخەکردنی لەشفرۆشی بکات، ''چونکە ئەو بابەتە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەیە.''
 
بەپێی مادەی 13ـی دەستووری عێراق، هەر یاسایەک پێچەوانەی دەستوور بێت رەتدەکرێتەوە، رێبوار هادی ئاماژەی بەوە کرد، ''دەستووری عێراقی کە رێساکانی ئایینی ئیسلامی کردووەتە بنەمای خۆی، رێگە بە دەرچوونی یاسایەک نادات بۆ بە فەرمی ناساندنی ئەو کردەوانە [هاوڕەگەزخوازی].''
 
''دەبێ پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو حکومەتەوە بنووسرێتەوە''
 
لە ساڵی 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی. سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، بابەتی نەوت و گاز تەنیا پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، ''ئەگەر تەنیا تایبەت بووایە بە حکومەتی فیدراڵی، دەبووایە لە مادەی 110ـی دەستووردا باس کرابا، بۆیە دەبێ بە هاوئاهەنگی و هاوبەشییەوە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بنووسرێت.'' 
 
وەک رێبوار هادی دەڵێت، هیچ رەشنووسێک وەکو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز نەنێردراوەتە پەرلەمانی عێراق و ''ئەوەی هەیە، تەنیا ئەوەیە کە کاتی پێکهێنانی حکومەت، لە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان باس لەوە کراوە کە دەبێ لە ماوەی شەش مانگدا پڕۆژەیاساکە بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران.''
 
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتى بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.