رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان داوا لە دامودەزگە حکومییەکانی پارێزگاکە دەکات راپۆرتێکی تێروتەسەل لەبارەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەر پارێزگاکە کەوتووە، ئامادە بکەن.
مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان لە کۆبوونەوەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوە و هاوئاهەنگی بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی پارێزگاکە جەختی لەسەر کۆکردنەوە و پێدانی زانیاریی دروست بە هاووڵاتیان بەتایبەت لە کاتی روودانی کێشە یان قەیران کردەوە و رایگەیاند، "داوا لە بەرپرس و بەڕێوەبەرانی دەزگە حکومییە پەیوەندیدارەکان دەکەم، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و سەرلێشێواوی لە کۆمەڵگەدا، پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ خەڵک و میدیاکان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن."
پارێزگاری کرماشان هەفتەیەک مۆڵەتی دایە دامودەزگە حکومییەکانی پارێزگاکە بۆ ئەوەی راپۆرتێکی تێروتەسەل لەبارەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەر پارێزگاکە کەوتووە ئامادە بکەن.
مەنووچێهر حەبیبی گوتی، "پێویستە قەبارەی ئەو زیانانەی لە جەنگەکەدا بەر یەکەکانی نیشتەجێبوون، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان، شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکانی پارێزگای کرماشان کەوتووە، بە وردی دەستنیشان بکرێ. لەبەر ئەوەش پێویستە هەموو دەزگە پەیوەندیدارەکان لە هەفتەیەکدا بە راپۆرتێک قەبارەی زیانەکان و شێوازی قەرەبووکردنەوەی خەڵک دیاری بکەن."
حەبیبی گوتیشی، "پێویستە راپۆرتەکە ورد، بە بەڵگە و متمانەپێکراو بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی داواکارییەکانی خەڵک بەبێ دواکەوتن ئەنجام بدرێ و هیچ هاوڵاتییەک لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا نەمێنێتەوە."
لە 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات کە 12 رۆژ بەردەوام بووە. ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران لە جەنگەکەدا بەشداربوو.
پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لەو پارێزگایانە بوو کە لە جەنگەکەدا لە لایەن ئیسرائیلەوە زۆرترین هێرشی کرایە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ