رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک دەڵێت، نزیکەی شەش هەزار مووچەخۆریان کارتی بانکیی "هەژمانی من"یان تەواو کردووە و دەبێت بچنە قەزای چەمچەماڵ بۆ وەرگرتنەوەی.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەمان فۆڕمی هەژماری منیان پڕکردبووەوە، ئێستا کارەکانیان تەواو کراوە و دەتوانن بچنە قەزای چەمچەماڵ وەریبگرنەوە".
بەشی خوێندنی کوردیی رۆژانە بە لیستێک ژمارەیەک ناو بڵاو دەکاتەوە و بەگوێرەی ئەو ناوانە دەبێت مووچەخۆران بچنە قەزای چەمچەماڵ بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ مووچەخۆرێکی خوێندنی کوردیی لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەیان وەرنەگرتووە و یەکەم جارە کارتی پڕۆژەکەیان پێدەگات.
کامەران عەلی گوتی: "مانگی پێنجیش مووچەی فەرمانبەرانمان بە کارت نابێت، بەڵام لە مانگی شەشەوە مووچە دەچێتە سەر هەژمارەکان".
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت: "نزیکەی دوو هەزار مووچەخۆرمان ماون کارتیان بۆ نەکراوە، چونکە پێشتر فۆڕمیان پڕنەکردبووەوە، ئێستا چەند رۆژێکە ئەوانیش سەرقاڵی رێکارەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمن و لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم مووچەخۆرانمان لە رێگەی بانکییەوە مووچە وەردەگرن".
لە خوێندنی کوردیی کەرکووک، زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەر هەن و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ژمارە 13ـی چوارشەممە 02-08-2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، بڕیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ