رووداو دیجیتاڵ
عەزیز ئەحمەد، جێگری بهڕێوهبهری نووسینگهی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەخنە لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەگرێت و داوا لە حکومەتی بەغدا دەکات، یارمەتی هەولێر بدات لە بەدەستهێنانی سیستمی بەرگریی بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو کە ئامادەیە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە شەوی چوارشەممە هێرشی کرایە سەر.
عەزیز ئەحمەد هەواڵەکەی رووداوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "قسەکردن ئاسانە. حکومەتی فیدراڵی لە کۆنەوە رێگر بووە لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی خاک و ژێرخانە گرنگەکانی لەو هێرشانەی کە لە بەشەکانی دیکەی وڵاتەوە دەکرێنە سەری."
ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کاریگەرترین یارمەتی کە بەغدا دەتوانێت پێشکێشی بکات، پێدانی مۆڵەتە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت سیستمی بەرگری لە دژی هێرشی مووشەکی و درۆنی بکڕێت.
هەروەها نووسیویەتی: "ئێوە بەم شێوەیە دەتوانن یارمەتیی هەردوولامان بدەن: رەزامەندی لەسەر مۆڵەت بدەن بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژەدرۆن بۆ کۆرمۆر و شوێنە ستراتیژییەکانی دیکە بکڕێت."
ئەم قسانە دوای ئەوە هاتن کە درەنگانی شەوی چوارشەممە، بە مووشەک هێرش کرایە سەر تانکییەکی کۆگاکردنی گازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەمی سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 80٪.
هێرشەکە بووە هۆی راگرتنی هەناردەکردنی گاز و پچڕانی کارەبا لەو شارانەی هەرێمی کوردستان کە پشت بەو کێڵگەیە دەبەستن.
کێڵگەی کۆرمۆر، کە لەلایەن کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆمەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان بە هێرشەکان تۆمەتبار کردووە و داوایان لە بەغدا کردووە رێکاری تووندتر بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لێیان.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی رایگەیاند، ئامادەیە سووتەمەنی، گازی شل و تیمی تەکنیکی بنێرێت بۆ یارمەتیدان لە چاککردنەوەی زیانەکان. بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەبێ توانای دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تایبەت بە خۆی، ئەو وێستگە ستراتیجییەی وزە بە کراوەیی و لەژێر هەڕەشەدا دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ